40%ی حاڵەتەكانی شێرپەنجە پێوەستن بەو هۆكارانەی دەتوانین لێیان دوور بكەوینەوە

:: PM:09:41:04/02/2026 ‌

لە شرۆڤەیەكی زانستیدا باسی ئەوە كراوە كە 40%ی حاڵەتەكانی شێرپەنجە لە 2022 پێوەست بووە بە هەندێك هۆكار كە مرۆڤ دەیتوانی خۆیانی لێ بپارێزێت، لەوانە تووتن و كحول و پەتاكان، كە زیاترین هۆكاری تووشبوون بوونە، بۆیە دەكرێت لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی ئەوانەوە رێژەی تووشبوون كەم بكرێتەوە. 

بەپێی توێژینەوەكەی ئیزابێل سورجوموتارام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی شێرپەنجە لە شاری لیۆنی فڕەنسی سەرۆكی تیمەكەی بووە، هەریەك لە جگەرە و كحول و پەتاكان زیاترین هۆكاری تووشبوون بوونە، بۆیە دەتوانرا رێگری لە تووشبوون لە ژنان لە 30% و لە پیاوانیش 45% بكرایە، ئەوەش لە كۆی 18.7 ملیۆن حاڵەتی تۆماركراوی نوێ لە 2022، واتە دەتوانرا لەو ژمارەیە رێگری لە تووشبوونی حەوت ملیۆن حاڵەت بكرایە كە دەكاتە 38%ی كۆی حاڵەتەكان.

توێژەران پشتیان بە داتا جیهانییەكان بەست، لە رێگەی بەستنەوەی حاڵەتە نوێكانی تووشبوون بە چەند هۆكارێكی مەترسی كە لە رووی زانستییەوە دەركەوتووە پێوەندییان بە تووشبوون بە شێرپەنجەوە هەیە وەك جگەرەكێشان و بەركەوتنی هۆكارە ژینگەیی و پیشەییەكان، دەركەوت هۆكارەكانی مەترسیی تووشبوون بەپێی ناوچە و رەگەز دەگۆڕێت، لە ئەفریقیا هۆكاری سەرەكیی تووشبوون بریتی بووە لە پەتاكان، لەوكاتەی لە ئەوروپا و ئەمەریكا و كەنەدا و ئوسترالیا هۆكاری سەرەكی جگەرە بوو.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل