دوای هەزاران ساڵ فەرمانێكی باوێشكدان ئاشكرا دەبێت

:: PM:07:54:05/02/2026 ‌

یاوێشكدان لە ئاكارە رۆژانەییەكانی مرۆڤە و زۆر جار بە خەواڵوویی یان بێزارییەوە وابەستە دەكرێت، توێژینەوەیەكی نوێی زانستی ئاماژە دەكات كە رەنگە ئەو جووڵە سادەیە گۆڕانكاریی كتوپڕ لە مێشك دروست بكات، كە هاوشێوەی هەناسەدانی ئاسایی نەبێت، ئەوەش دەرگە لەبەردەم تێگەیشتنێكی نوێ بۆ فەرمانی بایۆلۆجیی باوێشكدان واڵا دەكات. 

باوێشكدان كاردانەوەیەكە و لە چەند ناوچەیەكی مێشكەوە كۆنترۆڵ دەكرێت، تا ئێستە هۆكارەكەی بە وردی نەزانراوە، رەنگە باوێشكدان پێوەندیی بە شەكەتی و ماندووبوون و بێزارییەوە هەبێت، یان بە دەردانی ئەو هۆرمۆنانەی كە تێكڕای لێدانی دڵ و ئاگایی زیاد دەكەن، بەگشتی باوێشكدانی زۆر رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ هەندێك كێشەی تەندروستی.

توێژەران لە زانكۆی نیو ساوس لە ئوسترالیا دەڵێن، وێنە تیشكییەكانی "ئێم ئار ئای"، دەری دەخات كە باوێشكدان كار لە جووڵانەوەی شلەی مێشك دەكات، واتە ئەو شلەی دەوری مێشك و دڕكە پەتك دەدات و لە بەركەوتن و جووڵەی بەهێز دەیانپارێزێت، بە شێوەیەكی پێشبینینەكراوی پێشووتر، وەك راپۆرتێكی ماڵپەڕی " ScienceAlert "ی زانستی بڵاوی كردەوە. 

تیمی توێژینەوەكە وێنەی تیشكیان بۆ 22 بەشداری ئاسایی و تەندروست گرت لەو كاتەی باوێشك دەكەن و هەناسەی قووڵ هەڵدەمژن و بەر لە باوێشكدان دەگرن، جیا لە هەناسەدانی ئاسایی، بەو هۆیەی باوێشكدان و هەناسەدانی قووڵ میكانیزمێكی نزیك لە یەكتریان هەیە، بۆیە زانایان پێشبینیان كرد ئەنجامەكانیان هاوشێوە بێت، كەچی دەركەوت باوێشكدان شلەی مێشكی دوور لە مێشك پاڵ نا، بە پێچەوانەی هەناسەدانی قووڵ، كە ئەو كاریگەرییەی نەبوو، توێژەرێك ئەو ئەنجامەی بە پێشبینینەكراو لە قەڵەم دا.  

دەركەوت كە باوێشكدان و هەناسەدانی قووڵ چوونی خوێن بۆ دەرەوەی مێشك زیاد دەكەن، ئەوەش رێگە بە هاتنی خوێنی نوێی دەوڵەمەند بە ئۆكسجین بۆ مێشك دەدات، بەڵام باوێشك بەوە جیا بووە كە لە قۆناغی یەكەمی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی كتوپڕی گەیشتنی خوێن بۆ مێشك بە رێژەی دوو لەسەر سێ، ئەوەش مانای بوونی رۆڵێكی تایبەتی فسیۆلجییە بۆ ئەو جووڵەی باوێشكدان دروستی دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل