قەڵەوی دایكی كێشە تەندروستییەكانە و زۆرینەی نەخۆشییەكان لە قەڵەوییەوە سەر هەڵدەدەن و بەهۆیەوە زیاد دەكەن، توێژینەوەیەكی نوێی زانستی ئاشكرای دەكات كە كێشی زیادی لەش و قەڵەوی هۆكاری سەرەكین بۆ زیادبوونی مەترسیی دەیان حاڵەتی مەترسیدار بۆ ژیان، وەك نەخۆشییەكانی گورچیلە و هەوكردنی جومگەكان و شەكرە و هیتریش.
تیمێكی زانستی لە زانكۆی ئیكسترا، توێژینەوەیان لەسەر 71 حاڵەتی جۆراوجۆری تەندروستی كرد كە لە ژیانی مرۆڤ بڵاون و زۆر روودەدەن، وەك دووەم جۆری نەخۆشی شەكرە و هەوكردنی جومگەكان، ئەوەش بە مەبەستی زانینی ئەوەی ئاخۆ قەڵەوی تا چەند هۆكار بۆ سەرهەلدان و زیادبوونیان، وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە.
توێژەران داتا جینی و تەندروستییەكانی هەزاران كەسیان شی كردەوە كە لە توێژنەوەكانی پێشوو بەشدار بووبوون، دەركەوت كە قەڵەوی لە سەرهەڵدانی 61 جۆر كێشەی تەندروستی لە كۆی 71 كێشە وەك هۆكارێكی سەرەكی و كاریگەر بەشدارە، كە دەكاتە 86%.
توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە بۆ هەر هەزار كەسێك كە بە دەست كێشەكانی گورچیلە و هەوكردنی جومگەكانەوە دەناڵێنن، كەمكردنەوەی بارستەی لەشیان بە بڕی 4.5، رێگری لە تووشبوونی 17یان دەكات، هاوكات رێگری لە تووشبوونی نۆ كەس لە هەر هەزار كەسێك بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و هەوكردنی جومگەكان دەكات.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی بڵاو كراونەتەوە، دەركەوتووە كە قەڵەوی هۆكاری سەرەكییە بۆ زیادبوونی مەترسیی ئەو نەخۆشییانە، پرۆفیسۆر جاك بۆدن سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، دەركەوتووە كە قەڵەوی مەترسیی تووشبوون و پەرەسەندنی چەندان جۆر نەخۆشی زیاد دەكات و هۆكاری سەرەكییە.