قاوە خێراترین سەرچاوەی وزەیە، بەو پێیەی كافاین لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەگاتە خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی كۆئەندامی دەمار و زیادبوونی خێرای هۆشیاری.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێك كە لە ماڵپەڕی " Health" بڵاوكراوەتەوە، چا بەشێوەیەكی خاوتر و ئارامتر كار دەكات، كافاینی ناو چا بە هێواشی هەڵدەمژرێت بەهۆی بەستنەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی تری ڕووەكی، لە ئەنجامدا وزەی درێژخایەن و كەمتر ناجێگیر دابین دەكات، ئەمەش وا دەكات چا گونجاو بێت بۆ ئەوانەی بەدوای وزە و سەرنجی بەردەوامدا دەگەڕێن بەبێ لەرزین و خێرا لێدانی دڵ.
چا ئاوێتەگەلێكی تێدایە كە یارمەتیی ئارامبوونەوەی دەروون دەدات، ئەم كاریگەرییەش وای لێ دەكات ببێتە هەڵبژاردەیەكی پەسندكراو لە پاش نیوەڕۆدا، یان بۆ ئەو كەسانەی هەستیارییان بە كافاین هەیە.
زۆر خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانە ناخۆشەكانی وەك دەمارگیری، تێكچوونی خەو، خورانی گەدە، یان لێدانی خێرای دڵ، بەتایبەتی كاتێك لەسەر گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە، هەرچەندە چا كاریگەریی كەمتری هەیە بەڵام زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی دەتوانێ كێشەی هاوشێوە دروست بكات.