بەپێی توێژینەوەیەك.. پەنیری پڕ چەوری لە زەهایمەر دوورتان دەكاتەوە

:: PM:03:00:08/02/2026 ‌
بەپێی توێژینەوەیەكی زانستیی سویدی، دەركەوتووە كە پەنیری پڕ چەوری سوودی زۆری بۆ تەندروستیی مێشك هەیە و بەپێی ئەنجامەكەی، ئەوانەی ئەو جۆرە خۆراكانە دەخۆن، لە لەبیرچوونەوە و زەهایمەر دوور دەكەونەوە. ئەویش پێچەوانەی ئەو رێنوێنییانەیە كە داوا دەكرێ خۆراكی كەمچەوری بخورێت.

پێگەی "ئیلاف" كە رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو توێژینەوە سویدییە و توێژەران دەڵێن، لە توێژینەوەكانیاندا كە ماوەی 25 ساڵی خایاندووە، پشكنین بۆ 28 هەزار كەسی بەساڵاچوو كراوە لەبارەی تووشبوون بە خڵەفان و زەهایمەر،  لە ئەنجامدا ئەوە ئاشكرا بووە زۆربەی ئەوانەی رۆژانە 50 گرام پەنیری پڕ چەوری دەخۆن، لە تووشبوون بە زەهایمەر دوور كەوتوونەتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوانەی ئەو جۆرە پەنیرە ناخۆن، زۆربەیان تووشی نەخۆشییەكە دەبن.

توێژەران جیا لە پەنیر، هاوكات ئاماژە بە كەرەیش دەدەن كە بەهەمانشێوە سوودی زۆری بۆ تەندروستیی مێشك هەیە، بۆ ئەوەیش چۆن گرنگە رۆژانە 50 گرام پەنیر بخورێت، هاوكات ئەگەر رۆژانە 20 گرام كەرە بخورێت، سوودی بۆ دووركەوتنەوە لە خڵەفان و زەهایمەر هەیە. 

هاوكات پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە پەنیری پڕ چەوری، ڤیتامینەكانی "ئەی و دی و كەی2 و بی12 و فۆلات و زنك و سیلینیۆم" لەخۆ دەگرێت، هەموو ئەوانەیش سوودی زۆریان بۆ مێشك هەیە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دەچنە ناو تەمەنەوە.

دواتریش دووپات دەكەنەوە كە ئەوانەی زیاتر پەنیری پڕ چەوری دەخۆن، لە نەخۆشییەكانی شەكرە و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و نەخۆشییەكانی دڵ دوور دەكەونەوە و كێشیشیان دادەبەزێت.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د