حەوت كێشەكەی بەهۆی سیستمی كیتۆوە دروست دەبن

:: PM:07:53:09/02/2026 ‌

سیستمی خۆراكی كیتۆ بە یەكێك لە سیستمە كاریگەرەكان بۆ كەمكردنەوەی كێش و دووركەوتنەوە لە چەند جۆرە نەخۆشییەك دادەنرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە قەڵەوی و زیادبوونی كێشەوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەتی جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و خۆپاراستن لێی، بە گشتی ئەوانەی كردوویانە باسی لایەنە ئەرێنییەكەی دەكەن، توێژینەوەیەك باسی حەوت خاڵی نەرێنیی ئەو سیستمە دەكات. 

ئێستە هەزاران كەس لە سەرانسەری دنیا بە سیستمی كیتۆ پابەندن، بەڵام ئەو سیستمە كاریگەریی خراپیشی هەیە، وەك ماڵپەڕی "ڤێری ویڵ هێڵس" باسی دەكات لەوانە:

*وشكهەڵگەڕان، كە دیارترین لایەنی نەرێنیی سیستمەكەیە، بەتایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییەكەی، بەڵام كاتییە و بە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو چارەسەر دەكرێت، كە سەرئێشە و سەرسووڕان و كێشە بینین دروست دەكات. 

*قەبزی، بەهۆی گۆڕانكاری لە سیستمی رۆژانەی خۆراك و كەمكردنەوەی ریشاڵ و كالۆری، چارەسەری خواردنی ریشاڵ و شلەمەنییە.

*ئینفلەوەنزای كیتۆ، لە هەفتەكانی سەرەتا دەردەكەوێت، سەرئێشە و شەكەتی و هێڵنج و سەرسووڕان و كێشەی گەدە و گرژبوونی ماسولكە و ئاڵۆزی مێشكی لێ دەكەوێتەوە.

*دابەزینی شەكری خوێن، بەهۆی كەمكردنەوەی تەواوەتیی خواردنی كاربۆهیدرات.

*كەمیی مادە خۆراكییەكان، وەك ڤیتامین و كانزاكان، چەند نیشانەیەك دروست دەكەن و چارەسەری وەرگرتنی تەواوكەری ئەو خۆراكانەیە.

* كێشەكانی دڵ، وەك بەرزیی كۆلیسترۆڵ و چەوریی تێر، كە رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشییەكانی دڵ دروست دەكەن.

*كێشەی گورچیلە، وەك زیادبوونی مەترسیی دروستبوونی بەرد بەهۆی زیادبوونی كیتۆنات و ترشیی میز و خواردنی بڕێكی زۆری پرۆتین و بەرهەمە ئاژەڵییەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل