توێژینەوەیەك: باوەڕ بە خواردنەوە بێ شەكرەكان مەهێنن

:: AM:11:06:12/02/2026 ‌
توێژەران لە میانەی توێژینەوەیەكدا هۆشداریی بە خەڵك دەدەن لەبارەی ئەو خواردنەوانەی كە لەسەریان ئاماژە بەوە كراوە، بێ شەكرن و زیانیان نییە، بەتایبەت خواردنەوەی وزە و ئایس كرێم و پرۆتین، ئەو توێژەرانە دەڵێن، ئەو بەرهەمانە بەمشێوەیە نین كە باسیان لێوە دەكەن، بە پێچەوانەوە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك بەرز دەكەنەوە. 

توێژەرانی زانكۆی كۆلۆرادۆی ئەمەریكی، تاقیكردنەوەیەكی پزیشكییان لەسەر خانەكانی مرۆڤ و كاریگەریی مادەی "ئەریسریتۆل" ئەنجام دا، زۆربەی ئەو خواردنەوانەی كە باس لەوە دەكەن بێ شەكرن، لەبری شەكر ئەو مادەیە واتە ئەریسریتۆل بەكار دەهێنن، دەرئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیە دەریخستووە، ئەو مادەیە گۆڕانكاریی نیگەرانكەر لەسەر خانەی جیاكەرەوەی خوێن لە ناو مێشكی مرۆڤ دروست دەكات، كە بەرپرسە لە پاراستنی مێشك و ڕێكخستنی هاتوچۆچی خوێن، ئەگەر ڕێژەی دەدرانی پرۆتین بەهۆی كاریگەریی ئەو مادەیە ڕوو لە كەمبوون بكات، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك زۆر زیاد دەكات و دەمار و مولوولەكانی گەیاندنی خوێن بە مێشك تەسك دەكاتەوە، بەمشێوەیەیش ڕێگریی لە بەردەم گەیشتنی خوێن بە مێشك دروست دەبێ و سەرەنجام جەڵتەی لێ دەكەوێتەوە. 

توێژەرانی زانكۆكە دەڵێن، دەرئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیە سەلمێنەری ئەوەیە كە مادەی ئەریسریتۆل، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك بەرز دەكاتەوە، چونكە بە نەگەیشتنی خوێن واتە نەگەیشتنی ئۆكسجینیش بۆ مێشك، ئەمەیش وا دەكات كە مێشك نەتوانێ كار و فەرمانەكانی خۆی جێبەجێ بكات و مرۆڤ تووشی كارەسات دەكات. 

پێشتر توێژینەوەیەك بڵاوی كردەوە كە ڕێژەی تووشبوونی گەنجان و كەسانی كەم تەمەن لە سەرانسەری دنیا بە بڕی 15% ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، شارەزایان ئاشكرابوونی كاریگەریی ئەو مادەیە لەسەر مێشك بە یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیە هەژمار دەكەن.
 


وشە - باز ئه‌حمه‌د