قسەوباسێكی زۆر لەبارەی خواردنەوەی ئاوی گەرم دەكرێ كە بۆ تەندروستی باشە، بەتایبەتی سوودی بۆ ئێشانی قوڕگ و دابەزینی كێش و كەمكردنەوەی هەوكردنەكان، هەموو ئەوانە لە كاتێكدا لەڕووی زانستییەوە سوودەكان پشتڕاست نەكراونەتەوە، بۆیە پسپۆرانی بواری تەندروستی، وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئاماژەی بە بۆچوونی لۆرین بۆڵ مامۆستای تەندروستیی كۆمەڵگە لە زانكۆی كوینزلاند، هەروەها ئیمیڵی بیرش پسپۆری خۆراك لە زانكۆی ساوسرن كرۆس كردووە كە لەبارەی تەندروستیی خواردنەوەی ئاوی گەرم توێژینەوەیان كردووە، ئەوان دەڵێن رەنگە ئاوی نیمچەگەرم هەندێك سوودی هەبێت، بەڵام بۆ هیچ نەخۆشییەك چارەسەر نییە، بۆیە ئاو ئەگەر بە گەرمی یان بە ساردی بخورێتەوە، هەمان سوودی بۆ جەستە دەبێت.
ئەوان دەڵێن، ئەوەی بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر پێویستە، ئەوەیە رۆژانە ئاوی پێویست بخورێتەوە تا جەستە روو لە وشكبوونەوە نەكات، واتە مانەوەی بەردەوامی جەستە بە تەڕی، ئیتر ئایا ئاوەكە بە گەرمی یان بە ساردی بخورێتەوە، چونكە ئەنجامەكەی مانەوەی جەستەیە بە تەڕی، بۆیە جیاوازی لە نێوان ئاوی گەرم و سارد بۆ جەستە نییە.
ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەگەر رۆژانە ئاوی پێویست نەخورێتەوە، پاڵەپەستۆ لەسەر جەستە دروست دەبێت و ئەركی ئەندامەكان ئەستەمتر دەبێت، ئەویش جەستە بەرەو وشكبوونەوە دەبات، بەڵام خواردنەوەی ئاوی پێویست و مانەوەی جەستە بە تەڕی، وا دەكات تەواوی ئەندامەكانی جەستە سوودی لێ ببینن، جا ئاوەكە گەرم بێت یان سارد.
لەبارەی سوودی خواردنەوەی ئاوی گەرم بۆ دابەزاندنی كێش ئەو پسپۆرانە دەڵێن، تا ئێستە هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە كە ئاوی گەرم سوودی بۆ دابەزاندنی كێش هەبێت، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی خواردنی شلەمەنیی وا دەكات مرۆڤ زووتر هەست بە تێربوون بكات و دواجاریش سوودی بۆ كێش دەبێت. هەروەها ئاوی گەرم بۆ ریخۆڵەكانیش سوودەكەی زۆر كەمە، هاوكات رۆڵ نابینێت لە سووتاندنی چەوری.
دواتریش دووپات دەكەنەوە كە خواردنی شلەمەنی بەشێوەیەكی گشتی بۆ جەستە سوودبەخشە، بۆ نموونە هەوكردنی قوڕگ و گیرانی لووت كەمتر دەكاتەوە، هاوكات ئاوی گەرمی لیمۆ و چایش بەهەمانشێوە بەسوودن، بەڵام هیچ لەوانە بۆ نەخۆشییەكان نابنە چارەسەر.