مردن واتە كۆتاهاتنی ژیان، كاتێك تەواوی ئەندامەكانی لەش لە كاركردن و بەجێگەیاندنی فەرمانەكانیان دەوەستن، ساتێكی هاوبەشی تەواوی بوونەوەرەكانە و چەند هۆكارێكی هەیە وەك رووداو یان نەخۆشی و هیتریش، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە رەنگە دوای مردن، مێشكی مرۆڤ بۆ چەند سەعاتێك لە رووی هەستەوە بمێنێت.
وەك رۆژنامەی
"تەلەگراف"ی بەریتانی باسی دەكات، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە مردن رووداوێكی كتوپڕ نییە، بەڵكو بە هەنگاو دەبێت، كاتێك چالاكیی مێشك بە هەنگاو روو لە نەمان و كزی دەكات نەك وەستان بە كتوپڕی، توێژەران ئەندامی زیاتر لە 20 توێژینەوەیان لەبارەی ساتی نزیكبوونەوە لە مردن شی كردەوە، جیا لە چەند توێژینەوەیەك كە لەسەر ئاژەڵ ئەنجام دراوە، ئەوان سەرنجیان خستە سەر ئەوەی لە مێشك روو دەدات لە دوای مردن.
ئەنجامەكان دەریان خست كە هەندێك لەو نەخۆشانەی دڵیان لە لێدان وەستا، واتە سووڕی خوێنیان وەستا، توانیویانە لەو ساتەدا ئەوەی لە دەوروبەریان روو دەدات هەستی پێ بكەن و بیریان بێتەوە، ئانا فاولەر توێژەر لە زانكۆی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریكی و سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، توێژینەوەكەمان گەیشتە ئەو ئەنجامەی مردن، كە پێشتر باوەڕ وابوو كۆتاییەكی كتوپڕی ژیانە، لە راستیدا پرۆسەیەكی گۆڕانی بە هەنگاوە، هۆشی مرۆڤ بە وەستانی لێدانی دڵ كۆتایی نایەت، خانەكانیش بە وەستانی دڵ نامرن.
فاولەر وریایی لەوە دا كە رەنگە ئەو ئەنجامانە كار لە بابەتی بەخشینی ئەندامەكانی لەش بكات، كاتێك هەندێك لە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ راستەوخۆ دوای مردنی دەبردرێت، واتە رەنگە هێشتا خۆبەخشەكە بەشێك لە هەستی مابێت.