ئەوانەی كێشەی دڵیان هەیە چۆن بەڕۆژوو بن؟

:: PM:09:09:15/02/2026 ‌

كۆتای ئەم هەفتەیە مانگی رەمەزان دەست پێ دەكات، موسڵمانان دەبێت لەو مانگەدا بەڕۆژوو بن، بەپێی دەقە ئاینییەكان ئەوانەی نەخۆشن و رۆژوو كار لە تەندروستیان دەكات، بۆیان هەیە بەرۆژوو نەبن، شارەزایان دەڵێن رۆژوو بۆ نەخۆشانی دڵ ئەوانەی دۆخیان جێگیرە سەلامەتە، دەبێتە هۆی دابەزینی رێژەی كۆلیسترۆل و كۆنترۆڵكردنی بەرزیی پەستانی خوێن و شەكرە و كێش، ئەوانەش بارگرانی سەر دڵ كەم دەكەنەوە. 

لەگەڵ ئەوەدا پێویستە ئەو كەسانەی كێشەی ناجێگیر و توندی دڵیان هەیە، یان كێشەی توندی خوێنبەرەكانی تاجییان هەیە یان ئەوانە دەرمانی دڵ وەردەگرن، دەبێت ئەوانە بەر لە بەرۆژووبوون راوێژ بە پزیشكی شارەزا بكەن، نەوەك تووشی دۆخێكی خراپ و مەترسیدار ببنەوە، جیا لەوە دەبێت چاودێریی خواردنیان بكەن، بەتایبەتی ئاو و خوێ و زۆر نەخواردن لە كاتی رۆژووشكاندن بۆ ئەوەی بارگرانی نەكەوێتە سەر دڵیان.

سوودەكانی بەرۆژووبوون بۆ نەخۆشانی جێگیری دڵ، باشكردنی تەندروستیی خوێنبەرەكانیان لە رێگە تواندنەوەی چەوری و كۆلیسترۆلی زیانبەخش، كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر دڵ لە رێگەی كەمخواردن و جگەرەنەكێشان، كەمكردنەوەی كێش و قەڵەوی و هەستیاری بۆ ئەنسۆلین كە مەترسین لەسەر دڵ.  

بە گشتی ئەو نەخۆشانەی دڵ كە بەو شێوەیەن دەتوانن بەرۆژوو بن، بەرزیی پەستانی خوێنیان كۆنترۆڵە، ئەوانەی قەڵەون یان كێشی لەشیان زۆرە، ئەوانەی چەوری سیانییان زۆرە یان كەمجووڵەن، ئەوانەی رێژەی شەكرەیان تۆزێك بەرزە، یان دۆخی دڵیان لە شەش مانگی رابردوو جێگیرە و نەشتەرگەرییان بۆ نەكراوە.

ئەوانەی نابێت بەرۆژوو بن، نەخۆشانی لەژێر چاودێری چڕ دان، یان دۆخیان ناجێگیرە و چارەسەری و دەرمانی وەری گۆڕاو و ناجێگیرە، ئەوانەش لە شەش مانگی رابردوو نەشتەرگەریی كراوەی دڵیان بۆ كراوە، یان ئەوانەش لە شەش مانگی رابردوو قەستەرەیان كردووە یان شەبەكە و باڵۆنیان بۆ دانراوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل