شەكرە چۆن كار لە توانای بیستن دەكات؟

:: PM:06:41:16/02/2026 ‌

نەخۆشی شەكرە بە هەموو جۆرەكانییەوە، لە نەخۆشییە درێژخایەنەكانە و پێویستە مرۆڤ لە هەموو تەمەنێك وریای بێت و خۆی لێ بپارێزێت، ئەگەر تووشی هاتەوە دەبێت جیا لە چارەسەری بە گۆڕینی شێوازی ژیان و سیستمی خۆراكی كۆنترۆڵی بكات، بۆ ئەوەی خۆی لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی بپارێزێت، پزیشكێك باسی دەكات چۆن شەكرە مەترسیی لەدەستدانی توانای بیستن زیاتر دەكات.

د. كۆنال سوود پسپۆڕی سڕكردن و چارەسەری ئازار لە ماڵپەڕی خۆی لە ئینیستگرام ئاشكرای دەكات كە چۆن شەكرە مەترسیی لەدەستدانی هەستی بیستن زیاتر دەكات، ئەگەرچی ئەو حاڵەتە زیاتر پێوەستە بە چوونە ناو تەمەن و بەركەوتنی ژاوەژاوەوە، روونی كردەوە، توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە نەخۆشانی جۆری دووەمی شەكرە زۆرجار بەدەست لاوازییەكی سووكی بیستنی لەرەلەری بەرز دەناڵێنن، مەترسیی حاڵەتەكەش بە تێپەڕبوونی كات بەهۆی لاوازیی كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكر لە خوێن زیاتر دەبێت.

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، لاوازیی بیستن یەكێكە لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی نەخۆشی شەكرە بەسەر لوولە وردەكانی خوێن، نەك تەنیا بە چوونە ناو تەمەنەوە پێوەست بێت، بۆیە زۆرجار نەخۆشانی شەكرە بەرانبەر بە مەترسییەكانی تری شەكرە وەك نەخۆشییەكانی دڵ و پەككەوتنی گورچیلە و تێكچوونی دەمارەكان، لەو مەترسییەی بێئاگا دەبن.

سوود دووپاتی كردەوە كە بەپێی توێژینەوەكان، لاوازیی بیستن لە نێوان 40.6% بۆ 71.9%ی جۆری دووەمی نەخۆشانی شەكرە بڵاوە، زۆرینەی حاڵەتەكانیش بە كاریگەری لەسەر دەنگە لەرەلەر بەرزەكان دەست پێ دەكات، كە دەبێتە ناڕوونیی بیستنی دەنگەكان، بەتایبەتی لە ژینگە قەرەباڵغ و جەنجاڵەكان، بەر لەوەی ئەو كەسە روونتر تێبینیی گۆڕان لە بیستنی بكات، درێژیی ماوەی تووشبوونیش بە شەكرە و كۆنترۆڵنەكردنی مەترسیی حاڵەتەكە تا ئاستی لەدەستدانی بیستن زیاد دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل