زۆرجار كۆكینی مرۆڤ بە بوونی كێشە لە كۆئەندامی هەناسە و سییەكان و بۆری هەوا دەبەسترێتەوە، پزیشكێكی رووسی باسی جۆرێكی تری كۆكە دەكات كە سەرچاوەكەی نەخۆشییەكانی دڵە، ئەو باسی چەند نیشانەیەكی جیاكەرەوەی ئەو جۆرە كۆكە دەكات.
د. دیلیارا ئیسلامۆڤا پزیشكی شارەزا ئاماژە دەكات كە زۆرجار كۆكە بە كێشەی كۆئەندامی هەناسە پێوەستە، بەڵام لە هەندێك حاڵەت رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن نەك سییەكان، ئەگەری هەیە كۆكینی بەردەوام و درێژخایەن نیشانەیەكی كۆكەی دڵ بێت نەك سییەكان، واتە كۆكین بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت حەفتە، بە كۆكەی دڵ ناسراوە.
روونی كردەوە، كۆكەی دڵ نەخۆشی نییە، بەڵكو نیشانەیەكە و بەهۆی كێشەی دڵ دروست دەبێت، لەكاتی پەككەوتنی دڵ و كەموكوڕی لە بەجێگەیاندنی فەرمانەكانی سەر هەڵدەدات، كاتێك دڵ ناتوانێت فەرمانی گرژبوون و پاڵنانی خوێن وەك پێویست جێبەجێ بكات، ئەوە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی خوێن لە سییەكان و كۆبوونەوەی شلە لە بۆری هەوا و دروستبوونی كێشە لە سووڕی خوێن، بەوەش لەش لە ئۆكسجین بێبەش دەبێت و وەك كاردانەوەیەك بۆ ئەوەش كۆكە دروست دەبێت.
وەك ئەو پزیشكە باسی دەكات، چەند نەخۆشییەك ئەو كۆكە دروست دەكەن، لەوانە نەگەیشتنی خوێنی پێویست بەهۆی كێشەی دڵ و بەرزیی پەستانی خوێنبەرەكان و ناڕێكیی لێدانی دڵ و كێشەی دەمەوانەكانی دڵ، ناسینەوەی ئەو جۆرە كۆكە ئاسان نییە، بەڵام هەندێك نیشانەی خۆی هەیە وەك كۆكەی وشك كە هەندێك جار خوێنی لەگەڵدایە، بەتایبەتی لە كاتی پاڵكەوتن و شەوانە، هەناسەتەنگی كە بە دانیشتن باش دەبێت، دەنگی هەناسەدان و ئاوسانی خوێنهێنەرەكانی مل و قاچ و سك، لاوازیی گشتی و داهێزران.