لە كۆتایی 2019 ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرانسەری دنیای داگرت و لە چەندان رووەوە زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاند، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان كەس و جیا لە زیانە ئابووری و داراییەكان، كاریگەریی خستە سەر ژیانی رۆژانەی مرۆڤ، دوای چەندان توێژینەوە و تاقیكردنەوە ڤاكسین دژی ڤایرۆسەكە دۆزرایەوە، بەڵام كەسانێك دوای وەرگرتنی تووشی جەڵتەی دڵ بوونەوە، توێژینەوەیەك هۆكارەكەی ئاشكرا كرد.
چەند ساڵێك بوو ئەو بابەتە بووبووە جێی مشتوڕی زانا و ناوەندەكانی توێژینەوە، زانایان بەم دواییە گەیشتنە لێكدانەوەی هۆكارەكەی كە وای كرد لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكارهێنانی هەندێك لە ڤاكسینەكان تا زانینی هۆكاری ئەو كاریگەرییە خراپە بوەستێت، توێژینەوەیەكی نوێی هاوبەش لە لایەن توێژەرانی كەنەدا و ئەوروپا و ئوسترالیا، هۆكارەكەی بۆ كاردانەوەیەكی سیستمی بەرگری لەشی ئەوان گەڕاندەوە.
بەپێی
توێژینەوەكە سیستمی بەرگری لەشی ئەوان، لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینەكە دژەتەن بەرهەم دێنێت و هێرش دەكەنە سەر پرۆتینێك كە لە خوێندا هەیە و بە فاكتەری خەپڵەكانی خوێن ناسراوە، بەهۆی ئەو هێرشەوە چالاكیی خەپڵەكانی خوێن زۆر زیاد دەكات و دەبێتە هۆی خوێن مەین و جەڵتەی مەترسیدار لە چەند شوێنێكی لەش وەك مێشك و سك، هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی ژمارەیان.
بە واتایەكی تر كێشەكە لە ڤاكسینەكە نییە، بەڵكو لەو كارلێكەی سیستمی بەرگریە كە لە لەشی ئەو كەسانە دروستی دەكات، كە ژمارەیان زۆر كەمە، لە ئەنجامی كارلێككردنی پێكهاتەی ڤاكسینەكە و هەندێك تایبەتمەندیی بایۆلۆجیی ئەو كەسانە.