بەپێی توێژینەوەیەكی نێودەوڵەتی كە تایبەت بۆ كەمیی چالاكیی جەستەیی كراوە، دەركەوتووە دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەندان نەخۆشیی مەترسیدار، لە ناویاندا شەكرەی جۆری دووەم و لاوازیی ئەركەكانی دڵ، بۆیە بۆ دووركەوتنەوە لەو نەخۆشییانە، چارەسەر تەنیا راهێنانی رۆژانەی جەستەیە.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 18ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی نێودەوڵەتی كە توێژەرانی 27 توێژینەوە لە تەواوی دنیا، پشكنینیان لەسەر دوو ملیۆن و 500 كەس كردووە، لەوێدا بەراوردیان لەسەر ئەوانە كردووە كە رۆژانە راهێنانی جەستەیی دەكەن، یان تەمبەڵن و خۆیانی لێ دوور دەخەنەوە، لە ئەنجامدا بە دروستی دەركەوتووە كە تەمبەڵەكان تووشی چەندان نەخۆشی دەبن، لەناویاندا شەكرەی جۆری دووەم و لاوازیی ئەركەكانی دڵ.
توێژەران ئاماژە بەوە دەكەن كە بۆ هەر كەسێك پێویستە بەلای كەمەوە هەفتانە زیاتر لە 150 خولەك راهێنانی جەستەیی بكات، لەو كاتە دیاریكراوە زیاتر بێت تەندروستترە، نموونەی راهێنانەكانیش وەك رۆیشتن بە پێ و پایسلكسواری و مەلەكردن و راكردن.
توێژینەوەكان بەوە گەیشتوون كە تەمبەڵی و كەمیی راهێنانی جەستەیی، یان ئەوانەی رۆژانە كەمترین جووڵەیان هەیە، جیا لە نەخۆشییەكانی تر، زووتر تووشی جەڵتەی مێشك دەبن، ئەوەیش بە رێژەی زیاتر لە 10%، بۆ تووشبوون بە شەكرەی جۆری دووەم رێژەكەی زیاتر لە 9%یە، لاوازیی دڵیش رێژەكەی دەگاتە سەرووی 7%. بۆ هەر نەخۆشییەكی تریش لە نەخۆشییەكانی تر، بەهەمانشێوە مەترسییەكان بوونیان هەیە كە سەرجەمیان پێوەندییان بە دووركەوتنەوە لە راهێنانی جەستەیی هەیە.
دواتریش توێژەران دووپاتی دەكەنەوە كە لەوانەی زیاتر تەمبەڵن و كەمترین راهێنانی جەستەیی دەكەن، زیاتر لە ژنانن یان ئەوانەی ئاستی خوێندەوارییان نزمە، بۆیە زیاتر ئەوانن تووشی نەخۆشییەكان دەبن، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ دووركەوتنەوە لە نەخۆشییەكان، راهێنانی رۆژانەی جەستەیە.