بۆچی لە رۆژوەوان تووشی هەڵچوون و دەمارگیری دەبێت؟

:: PM:08:10:18/02/2026 ‌

مانگی رەمەزان و رۆژوو تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و لە ئیسلامدا پیرۆزن، موسڵمانان لە كاتی بەرۆژووبوون هەست بەوە دەكەن كە فەرزێكی ئاین بەجێ دەگەیەنن و پێویستە جیا لە خواردن خۆیان لە شتی تریش بگرن، وەك هەڵچوون، كەچی رەنگە هەر رۆژییەكە وا بكات كەسانێك بەرگەگرتنیان كەمتر بێت و تووشی هەڵچوون و دەمارگیری ببن.

بابەتەكە زیاتر لە برسێتییەوە سەر هەڵدەدات، شارەزایانی دەروونناس باسی چەند هۆكارێك بۆ ئەو حاڵەتە دەكەن وەك:

*كاتێك مێشك برسی دەبێت، رەنگە كاریگەریی رۆژووگرتن لەسەر مێشك زیاتر بێت لەوەی گەدە، كاتێك بەهۆی نەخواردنەوە ئاستی گلوكۆزی خوێن دادەبەزێت، كە سووتەمەنی سەرەكییە بۆ دەمارەخانەكان، بۆیە كار لە مێشك دەكات و توانای كۆنترۆڵكردنی هەڵچوون و كاردانەوەكان و پارێزگاریكردن لە هیمنی كەم دەبێتەوە.

*كەمبوونەوەی كافایین، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر خواردنەوەی چا و قاوە راهاتوون، نەمانی ئەوانە واتە سەرئێشە و رارایی و هەستیاری بۆ دەنگ و هەڵوێستی دیاریكراو.

*گۆڕانی هۆرمۆنی، لەكاتی بەرۆژووبوون ئەنسۆلین كەم دەكات و كۆرتیزۆل، واتە هۆرمۆنی رارایی بەرز دەبێتەوە، بەوهۆیەوە گۆڕانی كاتیی هاوسەنگیی دەروونی دروست دەبێت.  

*تێكچوونی خەو، رەمەزان خشتەی خۆراك و خەوی مرۆڤ دەگۆڕێت، واتە خەو پچڕ پچڕ دەبێت و ئەوەش تەنیا كار لە وزە ناكات، بەڵكو كار لە دەروون و كۆنترۆڵكردنی هەست و كاردانەوەكان دەكات، وا دەكات مرۆڤ زوو توڕە ببێت و دەمارگیر بێت.

*پارشێوی هەڵە، ئەگەر ژەمی پارشێو بە شەكر دەوڵەمەند بێت و كەم پرۆتین بێت، ئاستی وزە بەخێرایی بەرز دەبێتەوە، دوای چەند سەعاتێك لە نەخواردن بەخێرایی دادەبەزێت، بەوەش ئەو كەسە تووشی دەمارگیری و رارایی و نەمانی تەركیز دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل