مسوڵمانان ئەوانەی لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژوو دەبن، لە پاشێوەوە و تا بەربانگی ئێواران، لە خواردن و ئاو دوور دەكەونەوە و بۆ ئەوەی ئەو ماوە زۆرە هەست بە برسێتی و توینێتی نەكەن و كاریگەریی لەسەر تەندروستییان نەبێت، پسپۆرانی بواری خۆراك بۆ خواردنی پاشێو، رێنوێنیی رۆژووەوان دەكەن.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی شوبات، هەواڵەكەی لەبارەی رۆژووگرتن و خواردنی پاشێوان، لە "بی بی سی"ی عەرەبی وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە لەبەرئەوەی ماوەی رۆژووگرتن زۆرە، لە پاشێوەوە دەست پێ دەكات تا ژەمی ئێوارە، بۆیە گرنگە ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، بزانن لە پاشێودا چ خواردنێك بخۆن تا لەو ماوە زۆرەدا هەست بە برسێتی و تونێتی نەكەن و تەندروستیشیان بەباشی بمێنێتەوە.
پسپۆران دەڵێن كە رۆژووگرتن كاریگەریی لەسەر گۆڕینی سیستمی خۆراكی هەیە، بۆیە زۆربەی رۆژووەوان لەو ماوەیەدا هەست بە سەرئێشە و ماندوویی دەكەن كە بەهۆی دووركەوتنەوە لە خۆراك و ئاوەوەیە، بۆیە ئەگەر ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، زانیاریی ئەوەیان نەبێت لە پاشێودا چی بخۆن تا بە درێژایی رۆژ، جەستەیان تووشی وشكبوون نەبێت، زیاتر ماندوو دەبن، بۆیە گرنگە لە پاشێودا ئەو جۆرە خۆراكانە بخۆن تا بە درێژایی رۆژ جەستەتان بە تەڕی بمێنێتەوە.
فادی عەباس كە پسپۆری بواری خۆراكە، لەبارەی خواردنی پاشێو رێنوێنی دەكات، هەرچی بكرێت سەرنج لەسەر ئەو خۆراكانە بدرێت كە بە ئاو دەوڵەمەندن، واتە ئەو خۆراكانەی 70%یان لە ئاو پێكدێت، هاوكات پێویستە خواردنی پاشێویشدا بە سێ قۆناغ بێت، لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی تر پێنج خولەك لە نێوانیان هەبێت، ئەویش بەم جۆرە:
لە قۆناغی یەكەمدا زەڵاتە كە لە خەیار و كاهوو و كەرەوز پێكدێت، لەگەڵ خواردنێك كە كەمخوێ بێت، لەگەڵیدا پەنیر و چەرەزات كە سوودیان زۆرە بخورێت. لە قۆناغی دووەمدا شیرینەمەنییەكان كە ئەویش پێكدێت لە میوە وەك فەراولە و كاڵەك و پرتەقاڵ، لەگەڵ پەرداخێك ئاوی میوەی سروشتی. لە قۆناغی سێیەمیشدا خواردنەوەی ئاو كە هەموو ئەوانە وا دەكەن بە درێژایی رۆژ، جەستە بە تەڕی بمێنێتەوە.
خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانی ئامۆژگاریی ئەوە دەخاتەڕوو، هەرچی پێتان دەكرێ لە پاشێودا خۆتان لە خواردنەوەی قاوە و چای دوور بخەنەوە، چونكە ئەوانە وا دەكەن میزی زیاتر بكەن و دواتریش جەستە تووشی وشكبوونەوە دەكەن، ئاكامی ئەوەیش تووشبوونە بە سەرئێشە و دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن و كێشەكانی گورچیلە.