بۆ خۆپارێزی له‌ دڵه‌كزه‌ وریای خواردنی ئه‌و خۆراكانه‌ بن

:: PM:03:36:19/02/2026 ‌
هه‌موو ئه‌وانه‌ی كێشه‌یان له‌ گه‌ده‌دا هه‌یه‌، زۆرجار تووشی دڵه‌كزه‌ ده‌بن. دڵه‌كزه‌ ئازارێكی تایبه‌ت به‌ گه‌ده‌یه‌ و پێوه‌ست به‌ سووتانه‌وه‌ی گه‌ده‌ یان كزانه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كورددا پێی ده‌گوترێ "دڵه‌كزه‌". پسپۆرانی بواری خۆراك باس له‌و نه‌خۆشییه‌ و ئازاره‌كانی ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی چه‌ندان خۆراكه‌وه‌ دروست ده‌بێت.

به‌پێی ته‌ندروستیی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی "ئه‌هرام"، هه‌واڵێكی تایبه‌تی له‌باره‌ی دڵه‌كزێوه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پسپۆرانی بواری خۆراك، ئاماژه‌ به‌و خۆراكانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌و ئازاره‌ی گه‌ده‌، بۆ ئه‌وه‌یش ده‌ڵێن زۆر خوو هه‌ن له‌ خۆراكدا كه‌ مرۆڤ به‌ هه‌ڵه‌ ئاماده‌یان ده‌كات و ده‌یانخوات، دواتریش ده‌بنه‌ هۆی كزانه‌وه‌ یان سووتانه‌وه‌ی گه‌ده‌، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی گه‌ده‌یان هه‌یه‌.

بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ خۆراكی سووركراوه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌ك له‌ كێشه‌كانی دڵه‌كزه‌یه‌. چونكه‌ له‌ هه‌رسیشدا كێشه‌ی ده‌بێت و هه‌روه‌ها سكئاوسان. هه‌روه‌ها بیبه‌ری تیژ به‌هه‌مانشێوه‌ دیواره‌كانی گه‌ده‌ ئازار ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی دڵه‌كزه‌. ته‌ماته‌ و هه‌موو ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌ ته‌ماته‌ وه‌ك ساس دروست ده‌كرێن، ئه‌وانیش كێشه‌ بۆ گه‌ده‌ دروست ده‌كه‌ن و دواتریش ده‌بنه‌ هۆی دڵه‌كزه‌.

گۆشتی دروستكراو وه‌ك گۆشتی ناو قوتوو، چونكه‌ چه‌وریی زۆریان تێدایه‌، گه‌ده‌ ماندوو ده‌كه‌ن و ئازاری ده‌ده‌ن، ئه‌و ئازاره‌یش دڵه‌كزه‌یه‌. سیر و پیازیش به‌ خاوی زۆرجار مرۆڤ تووشی دڵه‌كزه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌دانه‌ی هه‌سته‌وه‌رییان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵیدا مرۆڤ تووشی غازات ده‌كه‌ن، واته‌ له‌وه‌یشدا دڵه‌كزه‌ دروست ده‌بێت.

هاوكات باس له‌و خواردنه‌وانه‌یش ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دڵه‌كزه‌، نموونه‌ به‌ قاوه‌ ده‌هێننه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی گه‌ده‌ به‌تاڵه‌، گه‌ده‌ تووشی دڵه‌كزه‌ ده‌كه‌ن. خواردنه‌وه‌ غازییه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه‌ مرۆڤ تووشی سكئاوسان و غازات ده‌كه‌ن، دواتریش كێشه‌ی بۆ گه‌ده‌ دروست ده‌كه‌ن. چای ره‌ش و قورسیش به‌هه‌مانشیوه‌ ده‌بێته‌ هۆی دڵه‌كزه‌، به‌تایبه‌تی چونكه‌ ماده‌ی كافاینی زۆری تێدایه‌.

وێڕای ئه‌وه‌ی نه‌عنا به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ گه‌ده‌ ئارام ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك زێده‌ڕۆیی له‌ خواردنی ده‌كرێت، زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی دڵه‌كزه‌. هه‌روه‌ها شیرینه‌مه‌نییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر شه‌كر و چه‌وریی زۆریان تێدا بێت، كێشه‌ بۆ گه‌ده‌ دروست ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هۆی دڵه‌كزه‌. دواتریش شوكوڵاته‌ ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی له‌ خواردنی بكرێت، هه‌مان كێشه‌ دروست ده‌كات.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د