زۆر جار باسی ئەوە دەكرێت كە لووت و گوێی مرۆڤ بە درێژایی تەمەن لە گەشەكردن ناوەستن، بۆیە لەگەڵ چوونە ناو تەمەن تێبینی دەكرێت شێوەی لووت و گوێ دەگۆڕێت، لەوانە لووت گەورەتر دەبێت و نەرمەی گوێ درێژ دەبێت.
ماڵپەڕی
"ویب مید"ی زانستی دەڵێت، شتێكی دووپاتكراوەیە كە شێوەی لووت و گوێ لەگەڵ چوونە ناو تەمەن دەگۆڕێن، بەڵام مانای ئەوە نادات كە ئەوان گەشە دەكەن، ئەوەی روودەدات كاریگەریی پێست و كێشكردنە لەسەریان، كاتێك شێوەی بەشی تری لەش بە هەمان شێوە دەگۆڕێت، بەڵام گۆڕانی لووت و گوێ زیاتر دیارن.
لە رووی زانستییەوە، گەشەی لەشی زۆرینەی مرۆڤ لە تەمەنی 20 ساڵییەوە دەوەستێت، لەو تەمەنە ئێسكە پەیكەر دەگاتە دوا قەبارەی و ناكرێ چیتر گەشە بكات، تەنیا ئێسكی كەلەی سەر و حەوز نەبن، ئەوانیش زۆر نین و چەند سانتیمەترێك درێژ دەبن.
هاوكات پێست و كڕكڕاگە و ماسولكەكان تا دوای وەستانی گەشەی ئێسكەپەیكەر بەردەوام دەبن، لەوانە بەهۆی گۆڕان لە كێش و دووگیانی و توانای جەستە و وەرزشكردن و پێكان، بەتێپەڕبوونی كات رەنگە بەستەرەشانەكانی پێست و كڕكڕاگەكانی تووشی لاوازی ببن، ئەوەش شێوەی گوێ و لووت دەگۆڕێت، كە لە كڕكڕگە پێك هاتوون، بۆیە دەبینرێت كە لووت و نەرمەی گوێكان درێژتر دەردەكەون.