خەوتن یەك لە كێشانەیە كە ئاڵنگاری بۆ مرۆڤی رۆژووەكان لە مانگی رەمەزاندا دروست دەكات، چونكە لەو رۆژانەدا تەواوی كاتەكانی خەوتن تێكدەچێت و مرۆڤ ناتوانێ بەپێی پێویست تێرخەو بێت، بۆیە پسپۆرانی بوارەكە بۆ رێكخستنی خەوتن لەو مانگەدا، ئامۆژگارییەكانیان دەخەنەڕوو.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 22ی شوبات، لەسەر زانیاریی پسپۆرانی بواری خەو و خەوتن، كێشەكانی خەوتن لە مانگی رەمەزان و بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بە ڕۆژوو دەبن دەخەنەبەر ئاماژەوە، لەگەڵیدا بۆ رێكخستنەوەی كاتەكانی خەوتن ئامۆژگارییەكانیان دەخەنەڕوو. چونكە زۆربەی ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، شەوان درەنگتر دەخەون و بۆ پاشێویش دووبارە ناچاری هەستانەوە لە خەو دەبن، دوای پاشێویش دووبارە دەبێ بخەونەوە، ئەو تێكچوونەی خەوتنی كاریگەریی نەرێنیی لەسەر جۆری كارەكانیان دروست دەكات و دواتریش كەمبوونی بەرهەمەكانیان.
پسپۆرانی تەندروستی دەڵێن، رۆژووگرتن خۆی كاریگەریی لەسەر هەستی ماندوویی دەبێت و بەدوایدا لە وزە كەم دەكاتەوە، دواتریش كاریگەرییەكەی لەسەر سەرنج دروست دەكات و كەمخەویش وا دەكات لە كاردا بەرهەم كەمتر بنوێنێت. شەوانە تا درەنگی شەو بەئاگابوون و پاشان پاشێو و بەدوایدا خەوتن بۆ ماوەیەكی كەم، كاتەكانی خەوتن تێكدەدات و كاریگەریی لەسەر كاتژمێری بایۆلۆجی دەبێت، بۆیە لە رۆژدا و لە كاتی كاردن، كەسی رۆژووەوان خەوتی زیاتری دێت و جەستەی دادەهێزرێت، ئەوەیش وا دەكات سەرنجی لاواز بێت و چالاكیی مێشك و جەستەیش كەمتر بێت.
وەك دەڵێن كەمخەویش ئاستی وزە كەم دەكاتەوە و كەسەكە لە رۆژدا جەستەی تەمبەڵ دەبێت، ئەوەیش وا دەكات مێشك لاواز بێت كە كاریگەریی لەسەر بڕیارەكانی دەكات. بەتایبەتی ئەوانەی لە شەودا زیاتر ئارەزوویان بۆ خواردنەوەی قاوە و چای دەچێت و ئەویش بەهۆی ئەو كافاینەی تێیاندا هەیە، بە تەواوی كاتی خەوتنیان تێكدەچێت، دواتریش لە خەوی ئاسوودە دوور دەكەونەوە. بۆیە بەشێوەیەكی گشتی پێویستە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، كاتی خەوتن رێكبخرێت تا لەو مانگەدا كێشەكانی خەوتن كەمتر بن.
پسپۆرانی تەندروستی بۆ ئەو مانگەی رەمەزان و رۆژووەوان، ئامۆژگاری دەخەنەڕوو كە چەند هەنگاوێك هەن گرنگە پێڕەو بكرێن، ئەویش پێوەست بە كاتەكانی خەوتنە، بەتایبەتی پێیان وایە شەونخوونی تا درەنگی شەو زۆر بە پێویست نازانن و پێویستە لێی دوور بكەونەوە و ئەوكاتە بە خەو بسپێرن. هاوكات هەوڵ بدەن لە خواردنەوەی قاوە و چای لە درەنگانی شەو دوور بكەونەوە تا تووشی زڕخەوی نەبن.
ئاماژە بەوەش دەدەن كە ئەگەر رۆژووەوان بەپێی دەرفەت پێیان بكرێت، رۆژانە 20 تا 40 خولەك سەرخەوێك بشكێنن تا ئاستێك وزەیان بێتەوە جەستە، لەلایەك سوودی بۆ مێشك و بڕیاردان دەبێت و لەلایەكی تریشەوە قەرەبووی خەوی شەوانەیش تا ئاستێك دەكات.
دواتریش دووپاتی دەكەنەوە كە شەوانە و بۆ خەوتن، هەوڵ بدەن ژینگەیەكی ئاسوودە بۆ خەوتن فەراهەم بكەن و لە تیشكی زۆر دوور بكەونەوە وەك تیشكی گڵۆپ، هەروەها ژووری خەوتنیان لە پلەی ناوەندیی كەشوهەوادا بێت، لەوەیش گرنگتر شەوانە هەوڵ بدەن كەمترین كات بەدیار شاشەكانەوە بن.