شاشەی مۆبایل و ئایپاد چۆن كار لە گەشەی مێشكی منداڵ دەكات؟

:: PM:05:29:22/02/2026 ‌

شتێكی نوێ نییە كە شارەزایان وریایی لەوە دەدەن كە نابێت منداڵان زۆر بە دیار شاشەكانی ئایپاد و مۆبایل و كۆمپۆتەرەوە بن، توێژینەوەیەكی نوێ لە سەنگاپوور دەری دەخات كە ئەو منداڵە شیرەخۆرانەی بەر لە دوو ساڵی تەمەنیان كاتێكی زۆریان بە دیار ئەو جۆرە شاشانەوە بەسەر بردووە، گۆڕانكاری لە گەشەی مێشكیان رووی داوە و لە داهاتوو بووەتە هۆی سستی لە بڕیاردان و زیادبوونی رارایی لە تەمەنی رواڵیدا. 

دەركەوت ئەو منداڵانەی لە قۆناغی شیرەخۆری كاتی زۆریان بە دیار شاشەكانی مۆبایل و لابتۆب و ئایپادەوە بەسەر بردووە، گەشەی چەند ناوچەیەكی مێشكیان خێراتر بووە، ئەوەش بە كاریگەریی ئەو شاشانەوە، توێژینەوەكە چاودێریی 168 منداڵی بۆ ماوەی 10 كرد، پشكنین بۆ مێشكی ئەوان لە تەمەنەكانی 4 تا 7 ساڵی كرا، توێژەران چاودێریی چۆنیەتی گەشەی مێشكی ئەوانیان بە تێپەڕبوونی كات كرد. 

ئەوەش دەركەوت كە كاریگەریی شاشەكان لە تەمەنەكانی سێ و چوار ساڵی وەك ئەوەی خوار دوو ساڵی نییە، بۆیە دوو ساڵی تەمەنی منداڵ زۆر هەستیارە بۆ گەشەی مێشك، د. هوانگ بای سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، پێگەیشتنی خێرای مێشك ئەوكات روو دەدات كە هەندێك ناوچەی مێشك بە كاریگەریی چەند هاندەرێك بەخێرایی گەشە دەكەن.

لە حاڵەتی گەشەی ئاسایی، گەشەكردنەكە بە هەنگاو و بە تێپەڕبوونی كات روو دەدات، بەڵام لەو منداڵانەی كاتی زۆر بەدیار شاشەكانەوە بەسەر دەبەن، چەند ناوچە و سیستمێكی مێشكیان خێرا گەشە دەكات، ئەوەش لە داهاتوو چەند كێشەیەكیان بۆ دروست دەكات وەك كەمبوونەوەی توانای خۆگونجاندن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل