له رۆانی مانگی ره‌مه‌زان و مانه‌وه‌ی رۆژووه‌وانان بۆ ماوه‌ی چه‌ندان سه‌عات له نه‌خواردن و نه‌خواردنه‌وه به درێژایی رۆژ، وا ده‌كات زیاتر ئاره‌زوویان بۆ خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان له كاتی به‌ربانگدا بچێت، بۆیه له‌گه‌ڵ شكاندنی رۆژوودا راسته‌وخۆ ئه‌و خواردنه‌وانه ده‌خۆنه‌وه، به‌ڵام پسپۆرانی بواری خۆراك ئه‌و دیارده‌یه به مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستی ده‌زانن.
به‌شی ته‌ندروستیی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی
"ئه‌هرام"ی میسری، زانیاریی له‌وباره‌یه‌وه له پسپۆرانی بواری خۆراك وه‌رگرتووه و له راپۆرتێكدا، زیانه‌كانی خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان له كاتی شكاندنی رۆژوو به گه‌ده‌ی به‌تاڵ ده‌خه‌نه‌ڕوو. ئه‌وان ده‌ڵێن چونكه به درێژایی رۆژ رۆژووه‌وان ئاو ناخۆنه‌وه، بۆیه زیاتر هه‌ستی توینییان ده‌بێت و له كاتی ئێواره و شكاندنی رۆژوودا، به‌بێ هۆشیاریی ته‌ندروستی، راسته‌وخۆ په‌نا بۆ خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان ده‌به‌ن، ئه‌وه‌یش مه‌ترسییه‌كی رژدی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هه‌یه.
پسپۆران ئه‌وه‌یش ده‌ڵێن، خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان، زۆر ئاسان و به‌رده‌ستن و ئاماده‌كردنیان كاتی ناوێت و له بازاڕه‌كانیشدا وه‌ك نرخ هه‌رزانن، ئه‌وه‌یش وا ده‌كات له زۆربه‌ی سفره‌ی ئێوارانی ره‌مه‌زاندا ئاماده‌ییان هه‌بێت، به‌ڵام له پشته‌وه‌ی ئه‌و خواردنه‌وانه، مه‌ترسییه‌كی رژد خۆی مه‌ڵاس داوه، به‌وه‌یش له شكاندنی رۆژوودا ئه‌و خواردنه‌وانه به خێرایی ده‌چنه جه‌سته‌وه و وزه و شه‌كر زیاتر ده‌كه‌ن، دواتریش كێشه بۆ هه‌رس و ئاستی شه‌كر له خوێندا دروست ده‌كه‌ن.
زیاتر ده‌ڵێت، ئه‌و خواردنه‌وانه رێژه‌ی زۆر شه‌كری پیشه‌سازییان تێدایه، جه‌سته‌ی رۆژووه‌وانیش كه به درێژایی رۆژ له ئاو دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و هه‌سته‌وه‌ریی به خواردنه‌وه‌ی ئاو هه‌یه، بۆیه به‌هۆی تام و شیرینییه‌كه‌ی په‌نای بۆ ده‌به‌ن، ئه‌وه‌یش راسته‌وخۆ و به خێرایی ئاستی شه‌كر له خوێندا زۆر به‌رز ده‌كاته‌وه، له دوای خواردنیش كه‌سی رۆژووه‌وان زیاتر هه‌ست به داهێزرانی جه‌سته و ماندوویی ده‌كات.
دووپات ده‌كه‌نه‌وه كه خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان له شكاندنی رۆژوودا، كێشه بۆ هه‌رس و ئاوسانی سك و سه‌رئێشه دروست ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له گه‌ده‌ی به‌تاڵدا، بۆیه به‌درێژایی ئه‌و مانگه‌ی ره‌مه‌زان، كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كه‌ی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، جیاله‌وه‌ی خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان له زۆربه‌یان ده‌نووسرێت گوایه ڤیتامینی تێدایه، ره‌نگه رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می ڤیتامینه‌كانی تێدا بكه‌ن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگره‌وه و جێگه‌ی ڤیتامینه سروشتییه‌كاندا ناگرێته‌وه، بۆیه زیانی له سووده‌كانی زۆر زیاتره.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاریی رۆژووه‌وان ده‌كه‌ن كه له به‌ربانگدا له‌بری خواردنه‌وه پیشه‌سازی و دروستكراوه‌كان، بایه‌خ به خواردنه‌وه‌ی ئاو و خواردنی خورما بده‌ن، هه‌روه‌ها بایه‌خ به خواردنه‌وه‌ی ئاوی میوه‌ی سروشتی بده‌ن به‌بێ شه‌كر. خۆ ئه‌گه‌ر بكرێ میوه‌ی سروشتی به ته‌واوی بخورێت كه جیا له ڤیتامینه‌كانی، جه‌سته سوود له ریشاڵه‌كانیشی وه‌ربگرێت.