رۆژووەوان لە مانگی رەمەزاندا بەتایبەتی بۆ بەربانگ، زۆرترین سەرنجیان دەكەوێتە سەر خواردنەوەیەكی سروشتی تا زۆرترین ڤیتامین بە جەستەیان بگات، خواردنەوە بە سوودەكان زۆرن، پسپۆرانی بواری خۆراك سەرنجی زیاتر دەخەنە سەر خواردنەوەی هەنجیری وشككراوە كە بۆ وزە زۆر سوودبەخشە.
بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، رۆشنایی خستووەتە سەر خواردنەوەی ئاوی كوڵاوی هەنجیری وشككراوە كە بۆ رۆژووەوان و دووركەوتنەوەیان بە درێژایی رۆژ لە ئاو و خواردن، دەتوانن بیكەنە خۆراكێكی زۆر بە سوودی سەر سفرەكانیان لە كاتی بەربانگدا. هەموو ئەوانە بەپێی زانیاریی پسپۆرانی بواری خۆراك خراونەتە بەرچاو كە قسەیان بۆ پێگەكە كردووە.
پسپۆران لەبارەی سوودەكانی ئاوی كوڵاوی هەنجیری وشككراوە دووپاتی دەكەنەوە، ئەركی هەرس زۆرباشتر دەكات و وزەیەكی زۆر بە جەستە دەبەخشێت، جیا لەوەی وا دەكات گەدە باشتر ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، دواتریش ئەو خواردنەوەیە كاتێك بە نیمچەگەرمی دەخورێتەوە، چێژی زۆر تایبەتی هەیە، بەڵام وەك هەر خۆراكێكی تر نابێ زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی بكرێت.
لەبارەی ئامادەكردنی ئەو خواردنەوە سروشتییە ئاماژە دراوە، شەش تا هەشت دانە هەنجیری وشككراوە، بكرێنە دوولەت و بكرێنە ناو سێ كووپ ئاوەوە، هاوكات دوو كەوچكی بچووك هەنگوین یان شەكر بخرێتە سەری، لەسەر ئاگر دابنرێت تا ئاستی كوڵان، پاشان ئاگرەكەی بۆ ماوەی 10 تا 15 خولەك كزتر بكرێتەوە تا ئاوەكە بە تەواوی تامی هەنجیرەكە وەردەگرێت، ئەوكات ئامادەی خواردنەوە بە نیمچەگەرمی دەبێت.
دواتریش بە خواردنەوەی، وزەیەكی زۆر بە جەستە دەگات و پسپۆران ئەو جۆرە خواردنەوە سروشتییە، بە یەكێك لە خۆراكە زۆر بە سوودەكانی بەربانگ هەژمار دەكەن، جیا لەوەی هەر خواردنەوەیەكی سروشتی لە ژەمی ئێوارەی شكاندنی رۆژوودا، سوودی تەندروستیی زۆر بە جەستە دەبەخشن.