سوودەكانی چەوەندەر بۆ نەخۆشانی دڵ

:: PM:09:20:24/02/2026 ‌

رەنگە زۆر لەبارەی سوودەكانی چەوەندەر باس كرابێت، شارەزایان ئاماژە دەكەن چەوەندەر سوودی بۆ نەخۆشانی دڵ هەیە، بەهۆی ئەو نیتراتە سروشتییەی تیایدایە دەبێتە هۆی باشكردنی هاتوچۆی خوێن و كەمكردنەوەی پەستانی بەرزی خوێن لە رێگەی فرەوانكردنی لوولەكانی خوێن، واتە كەمكردنەوەی پەستانی سەر دڵ.

ئەوانە جیا لەوەی بە دژەئۆكسێنەر دەوڵەمەندە كە تەندروستی دڵ بەهێز دەكات، بۆیە وا باشترە بخرێتە ناو سیستمی خۆراكەوە، لەپاڵ ئەوانەی باس كران، چەوەندەر پۆتاسیۆمی تیادایە كە یارمەتی هاوسەنگكردنی شلەی لەش دەدات و پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە، لەگەڵ فۆلات كە بۆ بەرهەمهێنانی خانەكانی خوێن پێویستە.

ئەنجامی توێژینەوەیەكی بەریتانی دەری خست كە خواردنەوەی رۆژانەی شەربەتی چەوەندەر بۆ ماوەی شەش مانگ لە دوای دانانی شەبەكە و بالۆن، مەترسیی تووشبوون بە دڵەنۆرە یان پێویستیی چارەسەری بە دەرمان بۆ نەخۆشانی سینگەكوژێ كەم دەكاتەوە.

لە سوودەكانی تری چەوەندەر، زیادكردنی جیڕیی لوولەكانی خوێن و باشتر گەیاندنیان بۆ خوێن، رێگرتن لە پەرەسەندنی كێشەی خوێنبەرەكان، پاراستنی ناوپۆشی لوولەكانی خوێن، كە رۆڵیان لە فرەوانبوون و گرژبوونی خوێنبەرەكان هەیە، كۆنترۆڵكردنی ئاستی هەوكردنی درێژخایەن كە هۆكارن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و دابینكردنی پۆتاسیۆمی پێویست كە یارمەتی پارێزگاریكردن لە هاوسەنگیی شلەكان و رێكخستنی لێدانی دڵ دەدات.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل