بەكتریایەك بۆ لەناوبردنی گرێكانی لەش پەرەی پێ دەدرێت

:: PM:09:13:25/02/2026 ‌

یەكێك لە كێشە تەندروستییە مەترسیدارەكان بریتییە لە دروستبوونی گرێ لە لەشی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەگەر گرێكە بە پیس و شێرپەنجەیی دەستنیشان بكرێت، زانایان و ناوەندەكانی توێژینەوە هەوڵێكی زۆر دەدەن و ساڵانە چەندان ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ جۆرەكانی شێرپەنجە تەرخان دەكرێت، لە هەنگاوێكی نوێ كە رەنگە دەرگەی چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییە تۆقێنەرە بكاتەوە، توێژەران لەسەر پەرەپێدانی جۆرە بەكتریایەك كار دەكەن، دەتوانێت بچێتە ناو گرێی شێرپەنجەیی و لەناوی ببات.

توێژینەوەكە كە تیمێك لە زانكۆی واتەرلوی كەنەدی سەرپەرشتی دەكات، پشت بە بەكارهێنانی بەكتریای " Clostridium sporogenes " دەبەستێت، كە بە شێوەیەكی ئاسایی لەناو خۆڵدا دەژیت و تەنیا دەتوانێت لە ژینگەی تەواو بەتاڵ لە ئۆكسجین بژی، ئەو سیفاتەش وا دەكات ناوجەرگەی گرێ رەقەكان، كە ئۆكسجین زۆر كەمە، ببێتە ژینگەیەكی نموونەیی بۆ گەشەكردنی، بیرۆكەكە وایە ئەو بەكتریایە دەچێتە ناو گرێكە و دەست بە خواردنی لە ناوەوە دەكات تا لەناوبردنی. 

دوای چوونەژوورەوەی بەكتریاكە بۆ ناو لەش، بەرەو ناوچەكانی كەمئۆكسجین دەچێت لەناو گرێكە، لەوێ ژینگەیەكی لەبار و پڕ لە خۆراك دەدۆزێتەوە، بۆیە دەست بە گەشەكردن و زۆربوون دەكات و ناوەوەی گرێكە داگیر دەكات و پێكهاتەكانی دەخوات، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە بەكتریاكە دەگاتە لێواری دەرەوەی گرێكە كە ئۆكسجینی تیادایە، واتە بەر لە تەواوكردنی ئەركەكەی بە لەناوبردنی تەواوەتیی گرێكە خۆی لەناو دەچێت.

بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە زانایان جینێكی جۆرە بەكتریایەكی تریان بۆ بەكار هێنا بۆ ئەوەی زیاتر بەرگەی ئۆكسجین بگرێت، بەوەش بەكتریاكە توانای ئەوەی پەیدا كرد كە لە ناوچەی كەمئۆكسیجینیش بژیت، واتە لەناو نەچێت، بەڵام كێشەیەكی تر پەیدا بوو، كە رەنگە بەكتریاكە لەناو شانەی ئاساییش گەشە بكات، بۆیە توێژەران سیستمێكی كۆنترۆڵكردنی وردیان داهێنا بۆ پێوەندیكردن بە بەكتریاكە لە رێگەی ئاماژەی كیمیایی و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی بەكتریاكە لەو شوێنانەی خوازراو نییە، واتە شانە تەندروست و ئاساییەكان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل