كەی پێویستە فڵچەی ددانشوشتن بگۆڕیت؟

:: AM:10:15:26/02/2026 ‌
پسپۆرێكی زانستی زیندەزانیی ورد لە زانكۆی لیستەری بەریتانیا، كاتێكی نموونەیی بۆ گۆڕینی فڵچەی ددانشوشتن بە پشتبەستن بە بنەما زانستییەكان خستە ڕوو و دەڵێ، سێ مانگ جارێك گۆڕینی فڵچەی ددانشوشتن بۆ كەسانی ئاسایی پێویستە. دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە شێوازی هەڵگرتن و چۆنیەتیی پاككردنەوەی فڵچەكە دوای شوشتنی ددان، ڕۆڵ دەبینێت لە كاتی گۆڕینی فڵچەكە. 

بریمرۆز فریستن پسپۆری زانستی زیندەزانیی ورد لە زانكۆی لیستەری بەریتانیا، ئەو بابەتەی یەكلا كردەوە كە لە ڕووی زانستییەوە، كاتی نموونەیی بۆ گۆڕینی فڵچەی ددانشوشتن بڵاو كردەوە و كۆتایی بەو مشتومڕە زۆرانە هێنا كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، بەشێك باس لەوە دەكەن كە پێویستە مانگانە بیگۆڕن و بەشێكی تریش دەڵێن چەند مانگێك جارێك پێویستە فڵچەی ددانشوشتن بێتە گۆڕین. 

فریستن لە میانەی قسەكردنی بۆ ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی گوتی، پێویستە هەموو سێ مانگ جارێك فڵچەی ددانشوشتن بێتە گۆڕین، بەڵام ئەگەر كەسەكە بە دەست هەوكردن و بوونی بەكتریا و ڤایرۆسی بەردەوام لە دەم دەناڵێنێت، پێویستە كەمتر لەو كاتە و زوو زوو فڵچەی ددانشوشتن بگۆڕێت، بۆ دووركەوتنەوە لە دووبارە تووشبوونەوە بە بەكتریا و ڤایرۆس كە پێشتر لە دەمیدا بوونی هەبووە. 

زیاتر گوتی، گۆڕینی فڵچەی ددانشوشتن پێوەندیی بە چۆنیەتیی هەڵگرتن و پاككردنەوەیشی هەیە دوای ئەوەی ددانەكانمانی پێ دەشۆین، پاشماوەی خۆراك كە لە ناو ددانەكان دەمێننەوە دەبنە ژینگەیەكی باش بۆ گەشەی بەكتریا و كەڕوو، دەمی هەموو مرۆڤێك 500 جۆر لە بەكتریای تێدایە، بەشێكی زۆر لەوانە لە ڕێی فڵچەی ددانشوشتنەوە دەگوێزرێنەوە، بۆیە هەر جارێك كە ددانەكانت شوشت، بە تەواوی فڵچەكە بشۆ و پاكی بكەرەوە. 

ئەو پسپۆرە دەڵێ، پێویستە هەر جارێك كە ددانمان شوشت، بۆ ماوەیەك كە كەمتر نەبێ لە 30 چركە فڵچەی ددانشوشتن لەبەر ئاوی گەرم ڕابگرین، تا پاشماوەی هەویری ددان و بەكتریا و پاشماوەی خۆراكی ناو دەم كە بە فڵچەكەوە دەنووسێن، بە تەواوی لێ ببنەوە و پاك ببێتەوە، پێویسته‌ هه‌فتانه‌یش جارێك فڵچه‌كان به‌ سابوونی دژه‌ به‌كتریا و ئاوی گه‌رم بشۆن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د