گۆشتی سوور لە رەمەزاندا.. چەند چێژی هەیە زۆر زیاتر زیانتان پێ دەگەیەنێت

:: PM:03:29:26/02/2026 ‌
بەهۆی ئەوەی زۆرترین چێژی هەیە و پرۆتین و وزەی زیاتریش بە جەستە دەبەخشێت، بۆیە گۆشتی سوور لە بازاڕەكاندا زۆرترین كڕیاری هەیە، وێڕای ئەوەی زۆرجار پسپۆرانی بواری خۆراك باس لە زیانەكانی دەكەن، بەڵام لە مانگی رەمەزان و رۆژووەوان، زیاتر ئارەزوویان بۆ خواردنی دەچێت، بۆیە پسپۆران تیشك دەخەنە سەر زیانەكانی ئەگەر بەهۆی رەمەزانەوە زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی شوبات، پشتی بە زانیارییەكانی پسپۆرانی بواری خۆراك بەستووە و بە وردی باس لەو زیانانە دەكەن و دەڵێن، وێڕای ئەوەی چێژێكی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بە رۆژوو دەبن و زیاتر بۆ بەربانگ ئارەزوویان بۆی دەچێت، بەڵام گۆشتی سوور لە رەمەزاندا ئەگەر زێدەڕۆیی لێ بكرێت، زیانی زۆر زیاتر بە تەندروستیی دەگەیەنێت. خەڵكێكی زۆر ئاگایان لە زیانەكانی هەیە، بەڵام ئەوە نازانن كە لە كاتی رۆژووگرتندا زیانەكانی زۆر زیاتر دەبن.

پسپۆران زیاتر دەڵێن، چونكە بە درێژایی رۆژ رۆژووەوان لە ئاو و خواردن دوور دەكەونەوە و تا كاتی بەربانگ، حەزەكانیان بۆ خۆراك زیاتر دەبێت، بۆیە گۆشتی سوور یەك لەو خۆراكانەیە زیاتر بایەخ بە خواردنی دەدرێت، لەلایەك بۆ رۆژووەوان پرۆتینی زۆر دەبەخشێ و لەگەڵیدا وزەی زیاتر بە جەستە دەدات كە مرۆڤ زیاتر پێویستیی پێیەتی.

دواتریش ئاماژە بە زیانە زۆرەكانی دەدەن كە گۆشتی سوور زۆر درەنگتر لە گەدەدا هەرس دەكرێت، كاتێكیش بە رێژەیەكی زۆرتر دەخورێت، كێشەی زیاتر بۆ گەدە دروست دەكات. بەتایبەتی ئەگەر بە سووركراوە بخورێت، ئەوكات چەورییەكەی زۆرتر دەبێت و زیانەكانیشی زیاتر. هەروەها كەسەكە تووشی غازات و سكئاوسان دەكات. بۆیە جەستە لە دوای بەربانگ زیاتر هەست بە داهێزران دەكات، ئەگەری زۆرە كێشە بۆ كاتی نوێژكردن و تەراویح دروست بكات.

ئەوەیش دەڵێن كە زێدەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی سوور لە بەربانگدا، كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە جەستە زیاتر دەكات و مەترسیی زیاتریش دەكاتە سەر دەمارەكان و پاڵەپەستۆی زۆرتر بۆ سەر ماسولكەكانی دڵ، بەوەیش مەترسییەكی رژد بۆ سەر دڵ دروست دەكات. هەروەها مرۆڤ تووشی ئازاری ماسولكەكان دەكات و لەگەڵیدا كێشە بۆ گورچیلەیش دروست دەكات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە بنچینەدا كێشەی گورچیلەیان هەیە.

دواتریش تیشك دەخەنە سەر ئەوەی كە رۆژووەوان بە درێژیی رۆژ لە خواردنەوەی ئاو دوور دەكەونەوە، كاتێكیش لە ئێوارە و بەربانگدا گۆشتی سوور بە زێدەڕۆیی دەخۆن، ئەوكات لە رۆژانی دواتری رۆژووگرتندا زیاتر توینییان دەبێت، چونگە گۆشت لە بنچینەدا بەهۆی پرۆتینە زۆرەكەی و لەگەڵ خواردنی، ئاوی زیاتری دەوێت.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د