بۆچی نابێت زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی ڤیتامین سی بكرێت

:: PM:06:59:26/02/2026 ‌

یەكێك لەو ڤیتامینە بەسوودانەی شارەزایانی تەندروستی و پزیشك و راپۆرتە زانستییەكان رێنوێنی وەرگرتنی دەكەن ڤیتامین سییە، بە شێوەیەكی سروشتی یان بە تەواوكاری خۆراك، ماڵپەڕێكی پزیشكی ئاماژە دەكات كە هاوكات لەگەڵ سوودەكان، زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی چەند مەترسییەكی هەیە.

ماڵپەڕی "ڤێری ویڵ هێڵس"، لەسەر بنەمای چەند توێژینەوەیەك باسی پێنج لایەنی خراپ و مەترسیی زۆر وەرگرتنی ئەو ڤیتامینە دەكات وەك لە خوارەوە:

*دروستكردنی بەردی گورچیلە، لە رێگەی زیادكردنی ئاستی ئۆكسالات لە میز، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئۆكسالاتی كالیسیۆم و بەردی گورچیلە.

*شێواندنی كۆئەندامی هەرس، لە كاتی زۆر وەرگرتنی ڤیتامین سی، كۆئەندامی هەرس تووشی چەند كێشەیەك دەبێت، وەك گرژبوونی گەدە و هێڵنج و سكچوون و دروستبوونی غازات، ئاو لە ریخۆڵە رادەكێشێت و ناوپۆشی كۆئەندامی هەرس دەرووژێنێت.

*زیادبوونی مژینی ئاسن، ئەو ئاسنەی لە خۆراك هەیە بەهۆی ڤیتامینەكەوە زیاتر دەمژرێت و ئەوەش لەوانەی نەخۆشی نیشتنی بۆیەی خوێنیان هەیە، كێشەیان بۆ دروست دەكات و ئاسنی زیاتر لە لەشیان دەنیشێت و تووشی بەریشاڵبوونی جگەر و نەخۆشیبیەكانی دڵ و شەكرە دەبن.

*بەهەڵە دەركەوتنی ئەنجامی پشكنینی تاقیگەیی، وەك پشكنینی شەكری خوێن و میز و هیتریش، بەوەش كار لە ئەنجامەكان و دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان دەكات.

*داخورانی چینی مینای ددان، بەخۆی ترشییەكەیەوە و بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی داخورانی چینی مینای ددان و رەنگی ددان دەگۆڕێت و مەترسیی تووشبوونی بە كلۆربوون و رزین زیاتر دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل