زۆر مەترسیدارە.. بەیانیان زوو لەگەڵ خواردنەوەی قاوەدا جگەرە مەكێشن

:: AM:10:48:03/03/2026 ‌
پزیشكێكی رووسی لە دیمانەیەكدا ئاماژە بەوە داوە، مەترسییەكی زۆر لە خواردنەوەی قاوە لەگەڵ كێشانی جگەرە هەیە، بەتایبەتی لە بەیانیانی زوو كاتێك كەسەكە لە خەو هەڵدەستێت و خواردنەوەی قاوە و كێشانی جگەرە دەكاتە خوو، ئەوەیش مەترسییەكەی لە درێژماوەدا تا مردنیش دەڕوات.

پێگەی "ئیلاف" ئەو دیمانەیەی بڵاو كردووەتەوە كە رۆژنامەی "بۆدمۆسكۆڤی سیگۆدنیا" لەگەڵ دكتۆر یكاتیرینا سیۆیڤا ئەنجامی داوە، ئەو خاتوونە پزیشكە لەوێدا ئاماژە بە مەترسیی رژدی خواردنەوەی قاوە لەگەڵ كێشانی جگەرە پێكەوە دەكات، بەتایبەتی بەیانیانی زوو. ئەو دەڵێت ئەو خووە لە درێژماوەدا ئەگەری زۆرە كەسەكە تووشی جەڵتەی مێشك بكات و بەرەو مردنی ببات.

ئەو پزیشكە رووسییە زیاتر دەڵێت، ئەو نیكۆتینەی لە جگەرەدا هەیە، دەمارە خوێنییەكان تەسك دەكاتەوە و هاوكات دەبێتە هۆی لێدانی خێرای دڵ، لەگەڵیدا پاڵەپەستۆی خوێن بەرز دەكاتەوە. هەروەها ئەو كافاینەی لە قاوەدا هەیە، راستەوخۆ كاریگەریی نەرێنیی لەسەر مێشك هەیە كە ئەویش لێدانی دڵ خێراتر دەكاتەوە، كاتێك هەردوو خوو خواردنەوەی قاوە و كێشانی جگەرە پێكەوە دەبن، كاریگەرییەكەیان زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە بەیانیانی زوو، كە خەڵكێكی زۆری جگەرەكێش هەن بەیانیان كردوویانەتە خوو قاوە و جگەرە پێگەوە دەكێشن و دەخۆنەوە. ئەوەیش بۆ تەندروستی زۆر مەترسیدارە.

ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە راستە كاریگەرییە نەرێنییەكەی راستەوخۆ دروست نابێت، بەڵام لە درێژماوەدا ئەگەری زۆرە ئەوانەی بەیانیان زوو خواردنەوەی قاوە و كێشانی جگەرەیان كردووەتە خوو، تووشی جەڵتەی مێشك ببن و مەترسی دەكەوێتە سەر ژیانیان.

لەلایەكی تریشەوە پسپۆرانی بواری تەندروستیی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدەن، جگەرەكێشان دەبێتە هۆی كێشەی تەندروستیی بۆ سەر دڵ و دەمارەكان و هەناسە و چاوەكان و گەدە، خۆ ئەگەر جگەرەكێشەكە خواردنەوەی قاوەی كردبێتە خووی رۆژانە، كێشەی ئەو نەخۆشییانەی لەلا زیاتر دەكات، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و نەخۆشییەكانی گەدە.

بۆیە دواتر پزیشكە رووسییەكە دووپاتی دەكاتەوە كە زۆر گرنگە قاوە و جگەرە پێكەوە نەخۆنەوە و نەكێشن، چونكە پێكەوە كاریگەریی زۆریان لەسەر چەندان نەخۆشی هەیە، بۆیە كاتێك قاوە دەخۆنەوە، جگەرە مەكێشن، چونكە مەترسیی لەسەر ژیانتان هەیە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د