لە مانگی رەمەزان و لە وڵاتە ئیسلامییەكاندا زۆربەی بەساڵاچووان وەك بەهایەكی رۆحیی زۆر گەورە، تەماشای رۆژوو و رۆژووگرتن دەكەن، بەڵام بەهۆی بەسەرچوونی تەمەن و تووشبوون بە نەخۆشییە باوەكان، رۆژووگرتن بۆ زۆربەیان مەترسیی هەیە و بۆ ئەوەیش پێویستە بەساڵاچووان بەرلە هاتنی ئەو مانگە، رێنوێنی لە پزیشكەكانیان وەربگرن.
بەشی تەندروستیی پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم سێی ئادار، بابەتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پزیشكان قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە كاتێك مرۆڤ دەچێتە ناو تەمەنەوە، بە سروشتیی خۆی جەستەی زیاتر پێویستی بە ئاو و خواردن دەبێت، ئەگەر هاوسەنگی لە سیستمی خواردن بەپێی دۆخی كەسەكە نەكرێت، ئەگەری زۆرە لە رۆژووگرتندا تووشی سەرسوڕان و دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن وشكبوونەوە ببێت، بۆیە پێویستە بەرلە رۆژووگرتن پارێزگاری لە هاوسەنگیی سیستمی خۆراكیی بكات.
پزیشكان زیاتر دەڵێن، كاتێك مرۆڤ دەچێتە تەمەنەوە، زیاتر پێویستی بە خواردنەوەی ئاو دەبێت تا جەستەی بە تەڕی بمێنێتەوە و پارێزگاری لە شلەمەنییەكان بكات، هاوكات بەهۆی بەكارهێنانی دەرمان بەتایبەتی دەرمانی پاڵەپەستۆی خوێن و زۆر میزكردن، زیاتر پێویستیی بە ئاو دەبێت، ئەوەیش وا دەكات رۆژووگرتن ئاستەمیی خۆی هەبێت، لە كاتێكدا بە درێژایی رۆژ ناتوانێ ئاو و خۆراك بخوا و بخواتەوە. بەتایبەتی ئەگەر كەشیش گەرما بێت.
ئاماژە بەوەش دەدەن كە كەمبوونی ئاو لە جەستە بەهۆی رۆژووەوە، وا دەكات كەسی بەساڵاچوو تووشی سەرسوڕان و تێكچوونی هاوسەنگی بێت، زۆرجاریش بوورانەوە، هەموو ئەوانە وا دەكەن پاڵەپەستۆی خوێن زیاتر دابەزێت، جاریش هەیە بینایی چاوەكان بەهۆی كەمئاوییەوە لێڵ دەبێت، بۆیە هەموو ئەوانە دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم بەساڵاچوویەكی رۆژووگر.
پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە كە كەسی بەساڵاچوو، بەتایبەتی ئەوانەی هەندێك نەخۆشیی باویان بەهۆی بەسەرچوونی تەمەنەوە هەیە، گرنگە بەرلە هاتنی مانگی رەمەزان، سەردانی پزیشكی تایبەتی خۆیان بكەن تا بۆ رۆژووگرتن رێنوێنیی وەربگرن، بۆیە زۆربەی ئامۆژگاریی پزیشكانیش خۆی لەوە دەبینێتەوە، كاتیك دانیشتووە و دەیەوێ هەستێت، پێویستە پەلە نەكات و بە لەسەرخۆیی هەستێت. بۆ دانیشتنیش بەهەمانشێوە، هەروەها بایەخی زۆر بە سیستمی هاوسەنگیی خۆراك لە ژەمەكاندا بدات تا پاڵەپەستۆی خوێنی لە ناكاودا دانەبەزێت.
ئەوەیش دەڵێن كە كێشەیەكی تر وشكبوونی جەستەی كەسی بەساڵاچووە، رەنگە لە سەرەتادا ئەو وشكبوونەیش "بێدەنگ" بێت هەستی پێ نەكرێت، بەڵام دواتر ئەگەری زۆرە كێشەی تەندروستیی رژد دروست بكات بەتایبەتی بۆ گورچیلەكان، پاشان وشكبوونیش مەترسیی جەڵتەیشی بەدواوە دەبێت. نیشانەكانی ئەو وشكبوونەیش وشكبوونی دەم و لێوەكانە، هەروەها كەسەكە زۆر بە كەمی میز دەكات و هاوكات رەنگی میزەكەیشی لێڵ و زەردباو دەبێت. لەگەڵیدا سەرئێشە و لێدانی خێرای دڵ.
لە ئامۆژگارییەكاندا پزیشكان ئەوەیش دەڵێن، گرنگە كەسی رۆژووەوان لە نێوان بەربانگ تا پاشێو، بەڵای كەمەوە هەشت پەرداخ ئاو بخۆنەوە، ئەویش پێویستە بە قۆناغ و وردە وردە بێت. هەروەها لە خواردنەوەی قاوە دوور بكەونەوە كە دەبێتە هۆی زوو میزكردن، كەمكردنەوەی خۆراكە سوێرەكان و زیاتر بایەخ بە شلەمەنی و سەوزەواتەكان بدرێت.
دواتریش دەڵێن كاتێك كەسی بەساڵاچوو و رۆژووگر، هەستی كرد پاڵەپەستۆی نرز بووەتەوە و خەریكە دەبوورێتەوە، پێویستە دەستبەجێ رۆژووەكەی بشكێنێت، چونكە رۆژووگرتن جیاوازییەكی زۆری لە نێوان تەمەنەكاندا هەیە، بەتایبەتی بۆ بەساڵاچووان ئەستەمتر دەبێت، بۆ ئەوەیش لەڕووی ئاینییەوە رێگەچارەی بەپێی فەرموودەكان بۆ دانراوە.