رووەكییەكان لە چەندان جۆری شێرپەنجە دوور دەكەونەوە

:: PM:01:09:08/03/2026 ‌
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە ماوەی 16 ساڵی خایاندووە و توێژەرانی بەشداریی ملیۆنان كەسیان تێدا كردووە، تایبەتە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و لە ئەنجامی توێژینەوەكەدا بەوە گەیشتوون، زۆربەی رووەكییەكان كە لە گۆشت بەهەموو جۆرەكانیەوە دوورن، لە چەندان جۆری شێرپەنجە دوور دەكەونەوە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت"، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی وەرگرتووە كە لەوێدا توێژینەوەكە بڵاو بووەتەوە، توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن كە لە توێژینەوەكەدا ملیۆنێك و 640 هەزار كەس گۆشتخۆرن "گۆشتی سوور"، هەروەها 57 هەزاریان گۆشتی مریشك و باڵندەخۆرن، 43 هەزاریش ماسیخۆرن، 63 هەزار كەسیش هیچ جۆرێك لە گۆشتەكان ناخۆن و تەنیا بەرهەمی ئاژەڵیی وەك ماست و شیر و پەنیر دەخۆن، دواتریش نۆ هەزار كەسیش رووەكخۆرن و بەهیچ شێوەیەك نە گۆشت و نە بەرهەمەكانی ناخۆن.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكە، ئەوانەی كە بەهیچ شێوەیەك گۆشت بەهەموو جۆرەكانیەوە ناخۆن و تەنانەت بەرهەمەكانیشی ناخۆن، لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە دوور كەوتوونەتەوە، بەتایبەتی دووركەوتنەوە لە شێرپەنجەی پەنكریاس بە رێژەی 21%. شێرپنجەی پرۆستات بە رێژەی 12%. شێرپەنجەی مەمك بە رێژەی 9%. بەشێوەیەكی گشتی رووەكییەكان بە رێژەی 28% لە جۆرەكانی شێرپەنجە دوور دەكەونەوە، بۆیە ئەوەیش هاندانێكی زۆرباشە بۆ دووركەوتنەوە لە گۆشت و رووكردنە خواردنی رووەك.

دواتریش دكتۆر ئۆرۆرا بیریز كۆرناگۆ توێژەر لە زانكۆی ئەكسفۆرد كە سەرپەرشتیی تیمی توێژینەوەكەی كردووە گوتی، ئەنجامی توێژینەوەكە زۆر دڵخۆشكەرە و موژدەیەكە بۆ ئەوانە رووەكخۆرن، چونكە ئێستە نەخۆشیی شێرپەنجە بە هەموو جۆرەكانیەوە بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، بۆیە كاتێك خواردنی رووەك جۆرێك بێت لە چارەسەر یان دووركەوتنەوە لە نەخۆشییەكە، هی ئەوەی لە بری گۆشت، مرۆڤ زیاتر روو لە خواردنی رووەك بكات.

شەرق ئەوسەت


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د