خواردنی جگەر بە هەموو شێوەكانیەوە وەك ئاژەل یان باڵندە، سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، جیالەوەی چێژی تایبەتیشی هەیە، زۆر لە رۆژووەوان هەن لە مانگی رەمەزان و لە بەربانگدا بایەخ بە خواردنی دەدەن، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك، هۆشداریی دەدەن لە زێدەڕۆیی لە خواردنی كە ئەوكات سوودەكەی پێچەوانە دەبێتەوە.
بەشی تەندروستیی پێگەی "
ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی تایبەتی لەبارەی سوود و زیانەكانی خواردنی جگەر بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی بواری خۆراك بە وردی باسی دەكەن. ئەوان ئامۆژگاریمان دەكەن بە خواردنی كە بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆرباشە، بەڵام هۆشداریمان پێ دەدەن كە لە زێدەڕۆیی لە خواردنی، ئەگەری زۆرە تووشی چەندان كێشەی تەندروستیمان بكات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كێشەی دڵیان هەیە.
پسپۆران لەبارەی سوودەكانی جگەر ئاماژە دەدەن، ژەمێكی سووكە و ئاسانتریش هەرس دەكرێت ئەگەر بەراورد بە گۆشت بكرێت، هاوكات خواردنی جگەر وا دەكات كەسەكە زووتر هەست بە تێربوون بكات بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، بۆیە وەك خشڵێكی جەستە تەماشا دەكرێ كە چەندان سەرچاوەی خۆراكیی گرنگی تێدایە.
لەبارەی سەرچاوە خۆراكییەكانی جگەر باس لەوە دەكەن، مادەی ئاسنی زۆری تێدایە و بۆ كەمخوێنی زۆرباشە. هەروەها ڤیتامینی "بی12"ی تێدایە و بۆ تەندروستیی مێشك سوودبەخشە. ڤیتامینی "ئەی"ی تێدایە كە بۆ بەرگریی جەستە و تەندروستیی چاوەكان زۆر بەسوودە. بەشێوەیەكی گشتی بە پرۆتین زۆر دەوڵەمەندە و وزەی زیاتر بە جەستە دەبەخشێت.
لەبارەی زێدەڕۆیی لە خواردنی جگەر وەك پسپۆران دەڵێن، سوودەكانی پێچەوانە دەبنەوە و زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، چونكە زۆریی ڤیتامینی "ئەی" لە جگەردا، ئەگەری زۆرە جەستە تووشی ژەهراوی بكات كە ترشەڵۆكی یۆریك لەخۆ دەگرێت. هەروەها دەبێتە هۆی ئازاری ماسولكەكان و جگەر و گورچیلە ماندوو دەكەن، بەتایبەتی كە ئەو ژەهرەی جگەر لەخۆی دەگرێت.
دواتریش دووپاتی دەكەنەوە كە لە جگەردا مادەی كۆلسیترۆڵی زۆری تێدایە، ئەوەیش بۆ ئەوانەی كێشەی دڵ و پاڵەپەستۆی خوێن و بەرزیی چەورییان لە خوێندا هەیە، مەترسیدارە و باشترە لێی دوور بكەونەوە، یان بە كەمی بیخۆن.