"قارچك- كوارگ" ئەو خۆراكەی زۆرترین سوودی بۆ تەندروستی هەیە، بەجۆرێك لە بوارەكەدا بە خشڵی تەندروستی ناو دەبرێت، چونكە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ڤیتامین و ریشاڵ، بۆ چەندان نەخۆشی وەك چارەسەر دەبینرێت، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاریمان دەكەن فەرامۆشی نەكەین.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی
"شەرق ئەوسەت" كە لەبارەی سوودەكانی قارچك، زانیارییەكانی لە پسپۆرانی بواری خۆراك وەرگرتووە، ئاماژەی داوە كە قارچك بە پرۆتین و پۆتاسیۆم و ریشاڵ، جیالەوەی چەندان ڤیتامین لە قارچكدا هەیە كە بۆ رێكخستنەوەی پاڵەپەستۆی خوێن زۆر پێویستن، هەروەها دەوڵەمەندە بە دژەئۆكسید و دژە شێرپەنجە، چونكە كۆلیسترۆڵی خراپ لەناو دەبات و بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات.
جۆلیا زۆمبانۆ لە كلیفلاند كلینك كە پسپۆری بواری خۆراكە دەڵێت، ئەو پۆتاسیۆمەی لە قارچكدا هەیە، رۆڵی بۆ كەمكردنەوەی سۆدیۆمی زیادە لە جەستەدا هەیە، ئەوەیش وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێن هاوسەنگ بكات و رێكبخات. هەندێك قارچك هەن بەناوی ریشی و شیتاكی، زۆرترین سوودی تەندروستیی بە مرۆڤ دەگەیەنن، چونكە بە مادەكانی سكارید و تربینۆدات و ڤینۆل دەوڵەمەندن.
پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە كە بەشێوەیەكی گشتی قارچك بۆ تەندروستیی دڵ زۆر سوودبەخشە، چونكە كۆلیسترۆڵی سوودبەخش هەڵدەگرێ و پاڵەپەستۆی خوێن هاوسەنگ دەكات، هەموو ئەوانەیش بۆ تەندروستی دڵ و مێشك بە سوودن.
دواتریش دەڵێن سیلینیۆم كە لە قارچكدا زۆرە، یارمەتیی جەستە دەدات بۆ بەرهەمهێنانی دژەئۆكسید و ئەوەیش شانەكان لە تێكچوون دەپارێزێت. هەروەها بوونی ڤیتامین "بی6" لە قارچكدا وا دەكات شانەی خوێنی سوور بەرهەم بهێنێت كە ئەویش بۆ بەهێزكردنی ئەركی مێشك گرنگە و بەرگریی جەستەیش بەهێزتر دەكات.