وێڕای ئەوەی سوودبەخشە.. لە پاشێودا وریای خواردنی هێلكە بن

:: PM:03:06:16/03/2026 ‌
هێلكە خۆراكێكە كە لە زۆربەی ماڵان و لە مانگی رەمەزاندا لە پاشێو ئامادەیی هەیە، چونكە رەگەزێكی خۆراكیی بەهێزی هەیە و هاوكات زۆر بەئاسانی ئامادەی خواردن دەكرێت. پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە دەدەن كە وێڕای ئەوەی هێلكە زۆر سوودبەخشە، بەڵام گرنگە بزانرێ لە پاشێودا چۆن دەخورێت تا زیان نەگەیەنێت.

بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، رۆشنایی خستووەتە سەر خواردنی هێلكە لە پاشێودا كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئەوان دەڵێن دروستە كە هێلكە بەهایەكی خۆراكیی زۆرباشی هەیە و بەتایبەتی لە پاشێودا بە ئاسان ئامادەی خواردن دەكرێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست ئامادە نەكرێت، ئەوكات لە رۆژدا زیانی لە سوودەكانی زیاتر دەبێت، چونكە لەلایەك دەبێتە خۆراكێكی قورس و لەلایەكی تریشەوە مرۆڤ زووتر تووشی توینێتی دەكات.

لەبارەی سوودەكانی هێلكە دەڵێن، پرۆتینی زۆر لە هێلكەدا هەیە و ئەوەیش وا دەكات بۆ ماوەیەكی زۆر مرۆڤ هەست بەبرسێتی نەكات، لە رۆژیشدا بۆ ماوەیەكی زۆریش وزەی زیاتر دەبەخشێت. هەروەها چونكە مادەی كۆلین لە هێلكەدا هەیە، ئەو مادەیە رۆڵی گرنگ دەبینێ بۆ ئەركەكانی مێشك و یادەوەری و سەرنج، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی رۆژوو دەگرن.

دووپاتی دەكەنەوە كە ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت، ئەوكات هێلكە بۆ ئەوانەی كێشەی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكریان هەیە، سوودبەخش دەبێت. هاوكات ئەگەر بە چەوریی زۆر و بە سووركردنەوە نەخورێت و پشت بە كوڵانی ببەسترێت، ئەوكات سوودەكانی بۆ هەرس زۆرباش دەبێت.

لەبارەی زیانەكانی خواردنی هێلكە لە پاشێو بۆ ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، پسپۆران دەڵێن، ئەگەر بە چەوریی زۆر و سووركردنەوە بخورێت و هاوكات خوێی زیاتری تێ بكرێت، ئەوكات لە رۆژدا كەسی رۆژووەوان زۆر بە زوویی هەست بە توینێتی دەكات. هەروەها سووركردنەوەی هێلكە بە زەیت، كێشە بۆ هەرس دروست دەكات.

ئەوەیش دەڵێن، كاتێك كێشە بۆ هەرس دروست دەبێت، هاوكات ئەگەری زۆرە هەستەوەریش دروست بكات، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی زەردێنەی هەرسكردنی ئەستەم دەبێت، ئەوكات كێشەی بۆ سووتانەوەی گەدە دەبێت، لەگەڵیدا ئەگەر بە رێژەیەكی زۆر یان رۆژانە بخورێت، ئەوكات كێشە بۆ ئەوانە دروست دەكات كە كۆلیسترۆڵیان بەرزە.

دواتریش لەبارەی باشترین رێگە بۆ خواردنی هێلكە بۆ پاشێو دەڵێن، یەك یان ئەوپەڕی دوو هێلكە زیاتر نەخورێت. هەروەها باشترین رێگە بۆ ئامادەكردنی كوڵاندنە نەك بە سووركردنەوە لەناو زەیت. لەگەڵیدا هەوڵ بدرێت كەمترین خوێی تێدابێت، هەروەها لەگەڵ سەوزە و تەماتە بخورێت باشترە، دواتریش دوای خواردنی ژەمەكە، ئاوی زیاتر بخورێتەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د