كاریگەری و سوودەكانی هەنار بۆ كەمیی ئاسن لە جەستەدا

:: PM:04:39:17/03/2026 ‌
كەمیی ئاسن لە جەستە لە دنیادا بووەتە كێشەیەكی باو، كاریگەرییەكەشی لەسەر كەمخوێنی و ماندوویی و نەهێشتنی سەرنج كۆ دەبێتەوە. بۆ كێشەی كەمیی ئاسن لە جەستەدا، پسپۆرانی بواری خۆراك زۆرترین رۆشناییان دەخەنە سەر هەنار كە دەتوانێ ئەو بۆشاییە تەندروستییە پڕ بكاتەوە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "پۆبمێد"ی ئەمەریكی وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی كەمیی ئاسن لە جەستەدا قسەیان بۆ كردووە، ئەوان دەڵێن ئەو خۆراكانە زۆرن كە مادەی ئاسن لەخۆ دەگرن، بەڵام لە سەرجەمیان زیاتر هەنارە كە لەناو هەنارێكی مامناوەندی، بڕی هەشت میلیگرام ئاسن لەخۆ دەگرێت، بۆیە باشترین رێگە بۆ چارەسەری كەمیی ئاسن لە جەستەدا، خواردنی هەنارە.

پسپۆران دەڵێن كە هەنار بەشێكی زۆری رەگەزە خۆراكییەكان لەخۆ دەگرێت، سەرجەمیان لە مادەی ئاسن بێبەش نین، بۆیە دووپات دەكەنەوە كە لە هەنارێكی مامناوەندیدا بڕی هەشت ملیگرام ئاسن دەست دەكەوێت، ئەو مادەیە بەرپرسە لە دروستبوونی هیمۆگڵۆبین لە خوێن.

هەروەها چونكە هەنار دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "سی"، ئەوەیش رەگەزێكی خۆراكیی گرنگە و رۆڵی سەرەكی دەبینێ لە هەڵمژینی ئاسن لە ناو جەستە، دواتریش كێشەی كەمخوێنی چارەسەر دەكات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بۆ خواردن، بەشێوەیەكی گشتی پشت بە خواردنی رووەكی دەبەستن.

هاوكات پسپۆران ئەوەیش دەڵێن، دۆشاوی هەنار رۆڵی زۆری هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هیمۆگڵۆبین و ئاسن و فریتین لە ناو خوێن. دواتریش رۆڵی زۆری هەیە بۆ باشتربوونی حاڵەتی ئەنیمیا.

ئاماژە بەوەش دەكەن كە ئەنسۆسیانین و ئیلاجیتانین و بۆلیفۆنۆڵ لە هەناردا هەن و ئەویش دژەئۆكسید لەخۆ دەگرن، لە ئەنجامیشدا رۆڵیان هەیە لە كەمكردنەوەی هەوكردن و باشتربوونی ئەركەكانی شانەكان، لەناویاندا شانەكانی خوێن. بەپێی توێژینەوەكانیش ئەو مادانە رۆڵی گرنگ لە چارەسەری كەمخوێنی دەبینن كە بەباشی ئاسن هەڵدەمژن.

دواتریش پسپۆران باس لەوە دەكەن كە ئەو رەگەزە خۆراكییانەی لە هەناردا هەن، رۆڵی باشیان بۆ پارێزگاری لە ریخۆڵەكان و ئەركەكانیان دەبێت، هەموو ئەوەیش بەهۆی هەڵمژینی ئاسن بۆ جەستەدایە، بۆیە هەنار باشترین میوەیە كە ئاسنی زیاتر بۆ جەستە دەستەبەر دەكات.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د