توێژینەوەی نوێ: ئەگەری هەیە لە 2050دا بەهۆی گەرماوە نزیكەی ملیۆنێك كەس بمرن

:: AM:10:36:18/03/2026 ‌
توێژینەویەكی زانستی و تەندروستیی نوێ ئاشكرای كردووە، پێشبینی دەكرێ لە ساڵانی داهاتوو پلەكانی گەرما بەشێوەیەك بەرز ببنەوە، خەڵێكی زۆر بەهۆیەوە گیان لە دەست بدەن، بۆیە پێشبینییەكە بەجۆرێكە ئەگەر هەیە لە 2050دا بەهەمان هۆكار زیاتر لە ملیۆنێك كەس گیان لە دەست بدەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی توێژینەوە نوێیەكە كە توێژەران لە زانكۆی كاسۆلیكیی ئەرجەنتینی كردوویانە، بەپێی پێشبینییەكان بۆ پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی، ئەگەری زۆرە پلەكانی گەرما ساڵانە بەرزتر ببنەوە و ئەویش كارەساتی بەدواوە دەبێت. بۆیە پێشبنیی ئەوە دەكرێ كە بۆ ساڵی 2050 ئەگەری زۆرە بەلای كەمەوە ملیۆنێك كەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما گیان لە دەست بدەن، ئەوەیش كارەساتێكی گەورەیە.

توێژەرانی توێژینەوەكە بەیانی 156 وڵاتیان وەرگرتووە لە 2020 تا 2022، تا بزانن پێوەندیی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و ئاستی چالاكیی جەستەیی تا چەندە، بۆیە بەو ئەنجامە شۆكهێنەرە گەیشتوون كە ساڵانە داهێزرانی جەستەیی لەسەر ئاستی دنیا زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت.

بۆیە توێژەران بەوە گەیشتوون كە بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەی پلەكانی گەرماوە، تا دەگەینە ساڵی 2050 ئەگەر هەیە ژمارەی مردن بەو هۆكارەوە زیاتر لە 700 هەزار كەس بدات و ئەگەری هەیە بگاتە ملیۆنێك كەس، جیا لەوەی زیانە ئابوورییەكانیش بگاتە سێ ملیار و 680 ملیۆن دۆلار لەسەر ئاستی دنیادا.

توێژەران دەڵێن كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كێشەی فسیۆلۆجی بۆ جەستەی مرۆڤ دروست دەكات، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر ماندووی دڵ و دەمارە خوێنییەكان دەبێت و وا دەكات راهێنانی جەستەیی ئەستەم بێت بەتایبەتی ئەوانەی راهێنانی وەرزشی دەكەن.

دواتریش توێژینەوەكە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، پلەكانی گەرما زۆر زیاتر بەرز بوونەتەوە وەك ئەوەی تۆمار كراون، بۆیە راهێنانی وەرزشی بۆ مۆڤ زۆر ئەستەم بووە. زۆربەی ئەوانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما گیان لە دەست دەدەن، ئەوانەن كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان كێشەی دڵ و مێشك و هەناسەیان هەیە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د