كاتێك رۆژووەوان لە ماوەی 30 رۆژ لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژوو دەبن، گومان لەوەدا نییە كە سیستمی خۆراكییان تێكدەچێت و كاتێكیش دەگەنە كۆتایی مانگەكە، گەدەیان بەو سیستمەی رۆژوو رادێت، بۆیە لەگەڵ هاتنی جەژن، سیستمەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و ئەگەری زۆرە كەسانی رۆژووەوان تووشی ئازاری گەدەبن، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك لەو رووەوە ئامۆژگارییەكانیان دەخەنەڕوو.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئادار، راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی بواری خۆراك باس لە دوو رۆژی كۆتایی رەمەزان لەڕووی سیستمی خۆراكییەوە دەكەن، بەلایانەوە گرنگە لەو دوو رۆژەدا وردە وردە سیستمی خۆراكییان لە پاشیو و بەربانگدا بگۆڕن، ئەویش بۆ ئەوەی بتوانن چێژ لە رێوڕەسمەكانی جەژندا وەربگرن و كێشەی تەندروستییان نەبێت.
دكتۆر كەریم مستەفا كە پسپۆری بواری گەدە دەڵێت، ئاساییە كە لە كۆتا رۆژەكانی رەمەزان كێشەی تەندروستی بۆ رۆژووەوان دروست دەبێت، بەتایبەتی ئازاری گەدە و قۆڵۆن، چونكە لەو مانگەدا گەدە بەهۆی گۆڕینی سیستمی خۆراكییەوە تا ئاستێك تێكدەچێت، بۆیە زۆر پێویستە لە دوو رۆژی كۆتایی رەمەزان، پشوویەك بە گەدەی خۆتان بدەن، وەك كەمكردنەوەی خۆراك لە ژەمەكاندا لە پاشیو و بەربانگ.
ئەوەش دەڵێت كە لە دوای رەمەزان جەژن دێت و لە رۆژانی جەژندا شیرینییەكی زۆر دەخورێت، بۆیە هێشتا گەدە بەو جۆرە خۆراكە رانەهاتووە و زۆر گرنگە زێدەڕۆیی لە خواردنیان نەكرێت. ئەگەر نا گەدە تووشی كزانەوە و سووتانی زۆر دەبێت، هەندێك جاریش كاریگەرییەكانی بۆ سەر دڵیش دەبێت. بۆیە لەو دوو رۆژەی كۆتایی رەمەزان، گەدە تووشی هەستەوەرییەكی زۆر دەبێت و لە تەواوی مانگەكەدا بەهۆی سیستمی خۆراكەوە ماندوویش دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە لەو دوو رۆژی كۆتایی، لە ژەمەكانی پاشیو و بەرانگدا خۆراك كەمتر بكەنەوە، یان هەمەجۆری خۆراكەكان تێكەڵ نەكەن و پشوویەك بە گەدەتان بدەن، تا لە كاتی جەژندا تووشی كێشەی تەندروستی نەبنەوە.
هاوكات ئەو پسپۆرەی گەدە بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدات كە زۆر گرنگە لەو دوو رۆژەی كۆتایی رەمەزان، ژەمی پاشیو فەرامۆش نەكەن، یان بیگۆڕن بۆ خواردنی خێرای و چەور كە ئەویش ئەگەری زۆرە تووشی قەبزیی درێژخایەن و كێشەی هەرستان بكات، بەڵكو زۆر پێویستە لەو دوو رۆژەدا بایەخ بە خواردنی خۆراكییە دەوڵەمەندەكان بە ریشاڵ و كەرە بدەن تا ریخۆڵە تووشی كێشە و تەمبەڵی نەبێت، جیالەوەی خۆراكی ئەو دوو رۆژە، كاریگەریی لەسەر خواردنی بەیانیانی جەژنیش دەبێت تا تووشی كێشەی تەندروستی نەبن.
ئەو پزیشكە زیاتر ئامۆژگاری دەكات و دەڵێت بۆ ئەوەی تووشی ئازاری گەدە نەبن، گرنگە ئاو بەڕێژەی كەم كەم تا ماوەیەكی درێژتر بخورێتەوە، زیاتر بایەخ بە خواردنی كوڵاندن بدەن، هەروەها ئەگەر كەسەكە دەرمانی درێژخایەنی هەبێت، پێویستە بۆ ئەوە رێنوێنی لە پزیشكە پسپۆرەكەی خۆی وەربگرێت.