زۆر كەس تێبینیی ئەوەیان كردووە كە شەوانە كاتێك سەر دەخەنە سەر سەرین بۆ خەوتن، مێشكیان چالاك دەبێت و چەندان بابەت دێنێت و دەبات بێ ئەوەی كۆتاییان بێت، كەسانێك بەو بیركردنەوە هەڵدەچن و نیگەرانی دیان دەگرێت و تا شەكەت دەبن بە زەحمەت دەچنە خەوەوە، پزیشكێك هۆكارەكەی روون دەكاتەوە.
رەنگە شەوانە هەر كە سەرت خستە سەر سەرین، چەند یادەورییەك یان بیرۆكەیەكی بێ كۆتایی و ئامانج بە مێشكتدا دێن و دەچن، شارەزایان پێیان وایە ئەوەی روودەدات تەنیا بینەوبەردەیەكی ناوخۆیی مێشك و هەرەمەكی و خەیاڵكردن نییە، بگرە وەڵامدانەوەیەكی بایۆلۆجی و پەرەسەندنە،
د. رافائیل بیلایۆ لە زانكۆی پزیشكیی ستانفۆرد بە رۆژنامەی "نیویۆرك تیمز"ی گوتی، لە روانگەیەكی پەرەسەندنەوە، نوستن بابەتێكی مەترسیدارە.
روونی كردەوە، بابوپاپیرانمان بۆ مانەوە بە زیندوویی و خۆپاراستن پێویستیان بەوە بووە شەوانە لە كاتی نوستن وریا بمێننەوە و درك بە مەترسییەكانی دەوروبەریان بكەن، ئێستەش ئێمە راستە پێویست ناكات خۆمان لە ئاژەڵی دڕندە وەك ئەوان بپارێزین، بەڵام مێشكی ئێمە بە هاوشێوەی بوونی ئەو مەترسییە و هەڕەشەی جەستەیی مامەڵە لەگەڵ گوشارەكانی ئەو سەردەمە دەكات.
روونی كردەوە، جیا لەوە بە رۆژ مرۆڤ ئەوەندە سەرقاڵە بواری بیركردنەوەی لە خەمەكانی نییە، كەچی بە شەو بەهۆی نەبوونی ئەو سەرقاڵییە و مانەوەی بە تەنیا لەگەڵ بیركردنەوەی، بازنەیەكی بەتاڵ و نیگەرانكار دروست دەبێت و خەو دوور دەخاتەوە و كەمخەویش توانای مێشك لە جیاكردنەوەی هەڕەشەی راستەقینە و گوشارە ئاساییەكان كەم دەكاتەوە و ئەوەش ئاستی نیگەرانی زیاتر دەكات.