گەنمەشامی ئەو خۆراكەی ماوەیەكی زۆرە لە وڵاتانی دنیا و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باوی خواردنی هەیە، چونكە جیا لە چێژە تایبەتەكەی، هاوكات لە ڕووی تەندروستییەوە سوودی زۆر بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك وێڕای سوودەكانی، ئاماژە بە زیانەكانیشی دەكەن ئەگەر وریا نەبن و زێدەڕۆیی لە خواردنی بكەن.
بەشی تەندروستیی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی تایبەتی لەبارەی گەنمەشامی بڵاو كردووەتەوە كە لە میسردا بایەخی زۆر بە خواردنی دەكرێت، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك كە قسەیان بۆ پێگەكە كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن دروستە كە گەنمەشامی لەڕووی تەندروستییەوە زۆرباشە، بەڵام ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، پێچەوانە دەبێتەوە، جیالەوەی ئەوانەی نەخۆشیی پاڵەپەستۆی خوێن یان قۆڵۆنیان هەیە، پێویستە لێ دوور بكەونەوە.
لەبارەی سوودەكانی گەنمەشامی پسپۆران دەڵێن، بە پرۆتین دەوڵەمەندە و بە خواردنی زوو هەست بە تێری دەكەن، هاوكات ئەو پرۆتینە ماسولكەكان بەهێزتر دەكات و بۆ ماوەیەكی زۆریش وا دەكات هەست بە برسێتی نەكەن. هەروەها گەنمەشامی بە ریشاڵیش دەوڵەمەندە، ئەویش ئەركی هەرس ئاسانتر دەكات. لەگەڵیدا گەنمەشامی گلۆكۆز هەڵدەمژێت و ئەوەیش بۆ ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەی بەسوودە و هاوسەنگی لە ئاستی شەكرەیان دروست دەكات.
باس لەوەش دەكەن كە گەنمەشامی كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستە كەم دەكاتەوە، بەوەیش سوودی زۆری بە تەندروستیی دڵ دەبێت.
لەبارەی زیانەكانیشی پسپۆرانی بواری خۆراك دەڵێن، ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، ئەوكات كێشەی سكئاوسان و غاز دروست دەكات، چونكە ئاستی ریشاڵی زۆرە. هەروەها نابێ خوێی زۆری تێبكرێت، چونكە شلەمەنیی لەناو جەستە كەم دەكاتەوە و ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن بەرزتر دەكاتەوە. جیالەوەی جەستەتان تووشی داهێزران دەكات و كێشە بۆ ئەركی هەرس دروست دەكات.
دواتریش ئاماژە بەوە دەدەن، بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە خواردنی گەنمەشانی وەربگرن، پێویستە خوێی كەمی تێدا بكرێت. هاوكات ئاوی زیاتری لەگەڵ بخۆنەوە، هەرچی پێتان دەكرێ شەوانە مەیخۆن یان كەمتری لێ بخۆن. بەرلە خواردنی، پێویستە بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو ئاودا بمێنێتەوە تا تاڵییەكەی تێدا نامێنێت.