پسپۆران بەراورد لە نێوان پرۆتینی گۆشت و پاقلەمەنییەكان دەكەن

:: AM:10:21:26/03/2026 ‌
پێشتر پرۆتین وەك سەرچاوەیەكی خۆراكیی سەرەكی پێناسە دەكرا، بەڵام ئێستە و بەپێی توێژینەوەكان، بە ئەستێرەی سیستمە خۆراكییەكان هەژمار دەكرێت كە مرۆڤ رۆژانە بۆ تەندروستیی پێویستیی پێیەتی، وای لێ هاتووە لە خواردنەوە ئامادەكان و زۆربەی خۆراكەكانی تر ئامادەیی هەیە، بۆیە پرۆتین بووەتە پێویستییەكی تەندروستیی رژد. پرۆتین لە زۆر لە خۆراكەكاندا هەیە، لێرەدا پسپۆران باس لە گۆشت و پاقلەمەنییەمان دەكەن و لەڕووی پرۆتینەوە بەراوردیان دەكەن.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی رۆژنامەی "ئیندبندنت" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان لەبارەی پرۆتین و سوودەكانی بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە پرۆتین بووەتە سیستمێكی خۆراكیی رۆژانە بۆ مرۆڤ، پێویستییەكە تەنیا لە بڕی پرۆتینەكە نییە، بەڵكو لە جۆرەكەیەتی كە كامیان لەویتر باشترە و سوودبەخشترە، لەناو جۆری خۆراكەكانیش باس لە پرۆتینی ناو گۆشتی سوور و پاقلەمەنییەكان دەكرێت.

زانكۆی هارڤارد روونی كردووەتەوە كە پرۆتینی زۆر لە گشتی سووردا هەیە و بەسوودە، لەگەڵ ئەوەیشدا بێ زیان نییە كە چەوری و سۆدیۆم لەخۆ دەگرێت و ئەویش بە نەرێنی كاریگەریی لەسەر تەندروستی دەبێت. بۆیە ئەو زانكۆیە ئامۆژگاری دەكات كە زۆر گرنگە گۆشتنی كەمچەوری بخورێت، لەگەڵیدا باشترە بۆ جێگرەوەی گۆشتی مریشك بخورێت.

باس لەوەیش دەكات كە بەتایبەتی لە ئەمەریكا زۆرترین بڕی گۆشتی سوور بۆ خواردن بەكار دەهێنرێت، ئەویش بەهۆی پرۆتینە زۆرەكەیەتی، كەچی زیانی زۆریشی بۆ تەندروستیی دڵ و نەخۆشییەكانی هەیە، چونكە لە ئەمەریكادا ساڵانە ژمارەیەكی زۆر بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە كۆچی دوایی دەكەن. بۆیە دووپات دەكەنەوە كە پرۆتینی گۆشتی سوور وێڕای سوودەكانی، مەترسیی لەسەر تەندروستی هەیە و باشترە سینگی مریشك لە بری ئەو جۆرە گۆشتە بخورێت، چونكە سینگی مریشك بەهەمانشێوە بێبەش نییە لە پرۆتین.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك رۆشنایی دەخەنەسەر پاقلەمەنییەكان كە بە پرۆتین دەوڵەمەندن، بەتایبەتی فاسۆڵیا و سەوزەكان و چەرەزات، بۆیە زانكۆی رۆچستەر میدیسین وەك نموونە باس لە فستق عەبید "فوول سوودانی" دەكات و دەڵێ، لە یەك كووپدا بڕی 37 گرام پرۆتین دەست دەكەوێت، جیا لە 12 گرام لە ریشاڵ.

بۆیە دووپات دەكەنەوە كە لە بادەم و فستقدا زۆرترین پرۆتین هەیە، لە كووپێكی بادەمدا 30 گرام پرۆتین هەیە و لە كووپێكی فستقدا 25 گرام پرۆتین دەست دەكەوێت. هەروەها سۆیای كوڵاو بە یەكێك لە خۆراكە زۆر بە سوودەكان ناو دەبرێ كە زۆرترین پرۆتین لەخۆ دەگرێت، بەجۆرێك لە یەك كووپدا بڕی 28 تا 29 گرام پرۆتینی تێدایە.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەو رەگەزە خۆراكییانەی باس كراون، تەنیا سوودەكانیان لە پرۆتین و ریشاڵدا نییە، بەڵكو بە ڤیتامینەكانیش دەوڵەمەندن، بەڵام لەڕووی پرۆتینەوە وێڕای ئەوەی لە گۆشتی سووردا زۆرە، بەڵام پرۆتینی پاقلەمەنییەكان سوودبەخشترە و كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دروست ناكەن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د