خواردنەوەی ئاوی تورشیات بۆ ئەو كەسانە مەترسیدارە

:: PM:09:09:26/03/2026 ‌

تورشیات یەكێكە بە خوارنەكانی زۆرێك لە ئێمە لە ژەمەكاندا دەیخۆین، بەتایبەتی لەگەڵ هەندێك جۆری خواردن یان لە داوەت و چێشتخانە بە بەردەوام لەسەر خوانە و خوانی پێ دەڕازاندرێتەوە، كەسانێك جیا لە كەرەستەكەی ناوی ئاوەكەشی دەخۆنەوە و پێیان وایە یارمەتی هەرسكردن دەدات، پزیشكێك وریایی لە زۆر خواردنەوەی ئاوەكەی دەدات.
د. وەلید شەوقی عەتییە توێژەر لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی نیویۆرك باسی مەترسیداریی ئاوی تورشیان، بەتایبەتی بۆ نەخۆشانی گورچیلە و بەرزیی پەستانی خوێن دەكات و دەڵێت، كێشەی سەرەكی لە ئاوی تورشیات رێژەی زۆر بەرزی خوێیە تیایدا، دەبێتە هۆی چوونەژوورەوەی بڕێكی زۆری سۆدیۆم بۆ ناو لەش و ئەویش شلەی لەش بۆ خۆی رادەكێشێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی خوێن لە لوولەكانی خوێن و بە تێپەڕبوونی كات پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە، بەتایبەتی لە كاتی زۆر خوارنەوەی. 

روونی كردەوە، بەرزبوونی بەردەوامی پەستانی خوێن دیواری لوولەكانی خوێن ماندوو دەكات و ئەگەری تووشبوونیان بە رەقبوون زیاتر دەكات، ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە جەڵتە و خوێنبەربوون زیاد دەكات، تەنانەت ئەو نەخۆشانەی بەرزیی پەستانی خوێن كە بە دەرمان كۆنترۆڵی پەستانیان كردووە بە زۆر خواردنی خوێ كاریگەر دەبن.

هەرچی گورچیلەكانە، ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە بەرزیی درێژخایەنی پەستانی خوێن دەبێتە هۆی گرژبوونی لوولەكانی خوێنی بۆ گورچیلە دەچن، بەوەی خوێن كەمتر بۆ گورچیلەكان دەچێت و بە تێپەڕبوونی كات كار لە توانا و فەرمانەكانیان دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونیان و بەجێنەگەیاندنی ئەركەكانیان وەك پێویست و هەندێك جار دەگاتە ئاستی مەترسیدار وەك پەككەوتنی گورچیلە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل