بۆ ئەوەی لە نەخۆشی شەكرە پارێزراو بین

:: PM:09:33:26/03/2026 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە مەترسیدارە درێژخایەنەكان كە خەڵكێكی زۆر بە دەستییەوە دەناڵێنن، چەند جۆرێكی هەیە، بە گشتی لە دروستبوونی كێشە لە دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە پەنكریاس یان بەهۆی زۆر خواردنی شیرینی و كاربۆهیدرات و تووشبوون بە بەرگری بۆ ئەنسۆلین یان هۆكاری تر دروست دەبێت، هاوكات جیا لە دەرمان، مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەی خۆراك و سیستمی ژیان و نوستن و ئارامی دەروونییەوە كۆنترۆڵی بكات.

باشترین رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەكرە و خۆپاراستن لە كاریگەرییە مەترسیدارەكانی، بریتییە لە رێگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكە، بەتایبەتی لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكانی حاڵەتی سەرەتای تووشبوون یان بەرگری خانەكانی لەش بۆ ئەنسۆلین، لێرەدا سیستمی خۆراكی رۆژانە رۆڵی گەورەی دەبێت، لە خوارەوە گرنگترین ئەو خۆراكانەن ئەگەر مرۆڤ رۆژانە بیانخوات، بێگومان لەو نەخۆشییە دوور دەبێت.

*سەوزە، بەتایبەتی گەڵا سەوزە كاڵەكان وەك سپێناغ، كە كاربۆهیدرات و كالۆری كەمیان تیادایە، پێویستە بە نوێتی و فرێشی بخوورێن، بە گشتی چەوری و خوێ و شەكریان بۆ زیاد نەكرابێت.

*میوە، كە بە ڤیتامین و ریشاڵ و كانزاكان دەوڵەمەندە و دەتوانرێت لەجیاتی شیرینی بخورێت و وا باشترە نوێ بێت و حسێبی شیرینییەكەی بكرێت.

*ریشاڵ، خواردنی رۆژانەی 50 گرام ریشاڵ یارمەتی هاوسەنگكردنی رێژەی شەكر لە خوێن دەدات، وەك بادام و فاسۆلیای سوور و برۆكلی و نیسك و شۆفان. 

*پرۆتینی بێ چەوری، وەك گۆشتی مریشك و قەل بەبێ پێست و ماسییەكانی وەك سەلەمون و توونە و هێلكە و بەرهەمەكانی شیرەمەنی كەمچەوری و پرۆتینی رووەكی وەك فاسۆلیا و نیسك. 

*چەوری تەندروست، واتە گۆڕینی چەوری تێر و هایدرۆجینكراو بە چەوری تەندروست وەك رۆنی زیتوون و گوڵەبەڕۆژە و كونجی، ئەوانە یارمەتیی كەمكردنەوەی بەرگری بۆ ئەنسۆلین دەدەن.

*چەرەزات، وەك فاسۆلیا و نۆك و لۆبیا و نیسك، یارمەتی كەمكردنەوەی بەرگری بۆ ئەنسۆلین و نیشانەكانی جۆری دووەمی شەكرە دەدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل