شووتی ئەگەر بە هۆشیارییەوە بخورێ مەترسیی لەسەر شەكرە دروست ناكات

:: PM:03:26:29/03/2026 ‌
ئێستە لە وەرزی بەهارداین و بەدوایدا روو لە كەشی گەرم و هاورین دەكەین، شووتیش میوەیەكی هاوینەییە كە زۆرترین داوای لەسەر دەبێت و لە هاویندا بازاڕی گەرم دەبێت. قسەوباسێكی زۆر لەبارەی شووتی دەكرێ كە ئەگەری هەیە بۆ نەخۆشخانی تووشبوو بە شەكرە مەترسی بێت، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك دەڵێن، ئەگەر بە هۆشیارییەوە شووتی بخورێت، مەترسیی لەسەر شەكرە نابێت.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت"، هەواڵێكی لەبارەی سوودەكانی میوەی شووتی بڵاو كردووەتەوە و لەوێدا پسپۆرانی بواری خۆراك، ئاماژە دەدەن كە وێڕای ئەوەی شووتی شیرینە، بەڵام شیرینییەكەی لە ئاستێكدا نییە كاریگەریی لەسەر نەخۆشانی شەكرە هەبێت، زیاتر لەبەرئەوەی 70%ی ئەو میوەیە لە ئاو پێكدێت و ئەوەیش كاریگەرییەكەی لەسەر نەخۆشییەكە كەم دەكاتەوە.

پسپۆران ئەوەیش دەڵێن كە یەك كووپ شووتی، نزیكەی 12 گرام كاربۆهیدرایت لەخۆ دەگرێت، هەر كەسێكیش نەخۆشیی شەكرەی هەبێت و رۆژانە كووپێك شووتی بخوات، ئەوكات كاریگەریی لەسەر نەخۆشییەكەی نابێت، بۆیە دووپات دەكەنەوە تەنیا زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت، بەهیچ شێوەیەك مەترسیی لەسەر نەخۆشی شەكرە نابێت. هاوكات بەهۆی زۆریی رێژەی ئاو لە شووتیدا، ئەركی هەرسیش باشتر دەكات.

باس لەوەش دەكەن كە بۆ خواردنی شووتی، باشترین كات ئەو كاتەیە لە نێوان ژەمەكاندا بخورێت، واتە نابێ بە گەدەی بەتاڵ یان بەرلە خەوتن بخورێت، چونكە لە كاتی گەدەی بەتاڵدا ئاستی شەكر لە خوێندا بەرزتر دەكاتەوە، ئەوەیش بۆ نەخۆشانی شەكرە مەترسییە. هەروەها باشترە لە دوای خواردنی خۆراكێكی دەوڵەمەند بە پرۆتین و چەوری، بەدوایدا شووتی بخورێت كە ئەوكات ئاسانتر شەكرەكەی هەڵدەمژرێت، یان لە دوای راهێنانی وەرزشی شووتی بخورێت و ئەوكات جەستە سوودی زیاتر لە شەكرەكەی وەردەگرێت.

لەبارەی سوودەكانی شووتی پسپۆرانی بواری خۆراك دووپات دەكەنەوە، چونكە ئاوی زۆر لە شووتیدا هەیە و رێژەكەی بە 70% دەخەمڵێنرێت، ئەوەیش وا دەكات ئاستی شەكر لە خوێن نزمتر بكاتەوە، ئەویش یەك لە سوودەكانی بۆ نەخۆشانی شەكرەیە. جیالەوەی بەهۆی هەمان رێژەی ئاوەوە، ئەركی هەرس باشتر و ئاسانتر دەكات و گەدە ماندوو ناكات. گرنگتر ئەوەیە زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د