شارەزایان دڵنیایی دەدەن كە ئەنجامدانی تەنیا نۆ خولەك ڕاهێنانی سادە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی تەندروستیت لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا.
لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا هەندێك جووڵەی ڕۆژانەی سادە وەك چەمانەوە یان سووڕانەوە دەبنە كارێكی سەختتر، ئەمەش بەهۆی ڕەقبوونی جومگەكان و لاوازبوونی ماسولكەكان ڕوو دەدات.
شارەزایان بۆ ماڵپەڕی "South China Morning Post" قسەیان كردووە، ڕوونیان كردووەتەوە كە ئەو ڕاهێنانە سادانە، یەكێكە لەو بەشە گرنگانەی وەرزش كە زۆر پشتگوێ دەخرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە پاراستنی توانای جەستە بۆ جووڵە بە ئاسانی و بەبێ ئازار.
شارەزایان پێیان وایە كە باشتركردنی نەرمونیانی جەستە تەنیا پێوەندیی بە لەشجوانییەوە نییە، بەڵكو یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستیش، وەك ئەوەی بتوانیت چالاكییە ڕۆژانەكانت بە ئاسانی ئەنجام بدەیت.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەكات كە تەرخانكردنی كاتێكی كەم لە ڕۆژدا، كە لە نۆ خولەك زیاتر نەبێت، بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانی سادە دەتوانێ بەشێوەیەكی پلەبەندی باشتربوونی ئەم خاڵانە بەدی بهێنێت وەك نەرمبوونی جومگەكان، باشبوونی جووڵەی بڕبڕەكانی پشت، هاوسەنگی جەستە، كەمكردنەوەی مەترسیی پێكان.
دووپات لەوە دەكەنەوە كە بەردەوامبوون گرنگترە لە چڕیی ڕاهێنانەكە، چونكە ڕاهێنانی سادەی بەردەوام ئەنجامی باشتر لە ماوەی درێژخایەندا بەدی دەهێنێت.
ئەم جۆرە ڕاهێنانانە پێویستیان بە ئامێری وەرزشی یان هۆڵی لەشجوانی نییە، بەڵكو دەكرێت بە ئاسانی لە ماڵەوە ئەنجام بدرێن، بە سەنجدان لەسەر ناوچە سەرەكییەكانی جەستە.
ئاستەنگی ڕاستەقینە لە سەختی ڕاهێنانەكاندا نییە، بەڵكو لە پابەندبوونی ڕۆژانەدایە. ڕەنگە ئەم ڕاهێنانە سادانە سەرەتا گرنگ دەرنەكەون، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا جیاوازییەكی گەورە دروست دەكەن.