باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنی كەڕووی پێستی پێیەكان.. شوشتنیانە بە سركە

:: PM:01:17:30/03/2026 ‌
بەشی تەندروستیی میدیاكان لە هەواڵەكانیان باس لە چارەسەری كەڕووی پێستی پێیەكان دەكەن كە بەلای پسپۆرانی بوارەكە، باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنی كەڕووی پێستی پێیەكان، شوشتنیانە بە سركەی سێو، بۆ ئەوەیش سركە بە چارەسەر و پاكڕاگرتنی پێست ناو دەبەن.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی رۆژنامەكانی نیویۆڕك تایمز و گاردیانی بەریتانی وەرگرتووە، پسپۆرانی بواری پێست قسەیان بۆ كردوون كە سركە بە چارەسەرێكی سیحری بۆ پێست ناو دەبەن. بەتایبەتی سركە سێو بۆ چارەسەری كەڕووی پێستی پێیەكان و لەناوبردنی، باشترین رێگەیە، هاوكات شوشتنی پێیەكان بە سركە بۆ پاكڕاگرتنی زۆر سوودبەخشە و لە بۆنی ناخۆش دووریان دەخاتەوە.

پسپۆڕانی بواری پێست باس لەوە دەكەن كە سركە لە ترشەڵۆكی ئەسیتیك پێكدێت، ئەویش بەوە دەناسرێتەوە كە دژە میكرۆبە، ئەگەر سركە بەتایبەتی سركەی سێو بخرێتە ناو ئاوی گەرم و پێیەكان بۆ ماویەك بخرێت ناوی و بە سركەكە بێتە شوشتن، هەرچی كەڕووی سەر پێست و باكتریای لەسەری هەیە، لەناویان دەبات. 

د. مایكڵ سیمس پسپۆری پێست دەڵێت، سركە بۆ پێیەكان نەك هەر كەڕوو و باكتریا لەناو دەبات، تەناەت بۆ قڵیشانی پێیەكانیش زۆر سوودبەخشە، چونكە كاتێك سركە دەكرێتە ناو ئاوی گەرم و پێیەكان دەخرێتە ناوی، ئاوەكە ترشەڵۆكی ئەسیتیكەكە هەڵدەمژێ و پێیەكان لە تەواوی میكرۆبەكان لەناو دەبات و نەرم و پاكتر دەكاتەوە.

ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە سركە بخرێتە ناو ئاوی پلە 38، بۆ ماوەی 15 تا 20 خولەك جەستەی پێ بێتە شوشتن، هەرچی بۆنی ناخۆی جەستە هەیە، سەرجەمیان لەناو دەبات و بۆنی جەستە زۆر خۆشتر دەبێت و رێگەیەكی زۆریش باشە بۆ پاكوخاوێنی.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د