جیا لە رێكپۆشی و جوانی.. سوودەكانی تری دابەزاندنی كێش بۆ جەستە زۆرن

:: PM:03:31:06/04/2026 ‌
دابەزاندنی كێشی جەستە تەنیا بۆ رێكپۆشی و جوانی نییە، بەڵكو كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تەندروستی دەبێت و لە چەندان نەخۆشیی جەستەیی درێژخایەن و دەروونی دوورتان دەخاتەوە، وەك نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دڵ و شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێن و زۆری تر. لێرەدا پزیشكانی گشتی ئەو سوودە زۆرانەی دابەزاندنی كێش دەخەنە بەرچاو كە زۆر گرنگە رەچاو بكرێن و بایەخیان پێ بدرێت.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت"، راپۆرتێكی لەبارەی دابەزاندنی كێشی جەستە بڵاو كردووەتەوە كە پزیشكانی گشتی قسەیان بۆ كردووە و چەندان زانیاریی جۆراوجۆریان لەبارەی سوودەكانی خستووەتەڕوو، وەك ئەوەی دابەزاندنی كێشی جەستە، لە چەندان نەخۆشیی مەترسیدار دوورتان دەخەنەوە، هاوكات سوودی بۆ باشتربوونی خەوتن و میزاج و توانای مێشك و چەندان حاڵەتی تر هەیە كە مرۆڤی قەڵەو لێیان بێبەش دەبێت. لێرەیشدا "وشە" ئاماژە بە هەندێك لە سوودەكانی دەكات.

بەرلە هەر شتێك دایەزاندنی كێشی جەستە، رۆڵی سەرەكیی هەیە بۆ خەوی ئاسوودە و باشتربوونی، واتە كاتێك جەستە كێشی كەمتر بێت، زۆر زیاتر لە كەسانی كێشی زۆر خەویان باشتر دەبێت و لە كاتی خەوتندا بێ كێشە دەبن وەك وەستانی هەناسە لەكاتی خەوتن و زۆر كێشەی تر. هەروەها دابەزاندنی كێشی جەستە، كاریگەریی لەسەر حاڵەتی دەروونیش دەبێت، بۆ ئەوەیش تووشبوون بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكی دوور دەخاتەوە و حاڵەتی سەرنج و میزاج باشتر دەكات.

باس لەوەش دەكەن كە تامكردن لەلای كەسانی قەڵەو، زۆر كەمتر دەبێت وەك ئەوانەی كێشیان دادەبەزێنن، توێژینەوەكان بەوە گەیشتوون بەتایبەتی ئەوانەی نەشتەركاریی دابەزاندنی كێشیان كردووە، دوای نەشتەركارییەكە بە روونی هەست بە هەستی تامكردنی خۆراك دەكەن، بەتایبەتی زۆر ئارەزووی خۆراكە شیرین و چەورییەكان ناكەن، بەوەیش كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر تەندروستییان دەبێت.

هەروەها قەڵەوی كێشەی لەسەر ئەركی مێشكیش دەبێت، بۆیە ئەوانەی كێشی جەستەیان دادەبەزێنن، دواتر بۆیان دەردەكەوێت بیرەوەرییان باشتر دەبێت. بەشێوەیەكی گشتی دابەزاندنی كێشی جەستە، لە نەخۆشییەكانی پاڵەپەستۆی خوێن و شەكرە و ئاستی كۆلیسترۆڵیش دوورتان دەخاتەوە، بۆ ئەوەیش لە نۆرەی دڵ و مێشك و هەوكردنی ماسولكەكان دوور دەكەونەوە.

دواتریش پزیشكان باس لەوە دەكەن كە بەهۆی دابەزاندنی كێشی جەستە، مرۆڤ لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان دوور دەكەوێتەوە، بەتایبەتی لە شێرپەنجەی مەمك، قۆڵۆن و پرۆستات و جۆرەكانی تری، بۆیە ئامۆژگاری دەخەنەڕوو كە هەرچی پێتان دەكرێ هەوڵی دابەزاندنی كێش بدەن بۆ تەندروستییەكی باشتر.
 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د