سوود و زیانەكانی ماسیی توونەی لە قوتوونراو

:: PM:01:57:09/04/2026 ‌
قوتووی ماسی بەتایبەتی "توونە" كە بە چەند چركەیەك قوتووەكە دەكرێتەوە و وەك خۆراكێكی ئامادە و ئاسان بەردەست دەبێت بۆ خواردن، ئەوەی دەمێنێتەوە زۆرترین قسە لەبارەی سوود و زیانەكانی دەكرێت و خەڵكێكی زۆریش زانیاریی لەبارەوە نازانن، بۆیە لێرەدا باس لە سوود و زیانەكانی ماسیی توونەی لە قوتوونراو دەكرێت.

پسپۆرانی بواری خۆراك بە وردی باسیان لە گۆشتی ماسیی توونەی لە قوتوونراو بۆ بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری كردووە و دەڵێن، خۆراكێكە بەهۆی ئامادەیی و ئاسانییەكەی، لە زۆربەی ماڵاندا دەبینرێت و وەك خۆراكێكی خێرا بایەخی زۆری پێ دەدرێت، لەوەیش زیاتر پرسیار لەوە دەكرێ كە ئەو خۆراكە بۆ تەندروستی سوودی زیاترە یان زیان؟، وەڵامەكەی دەمێنێتەوە سەر ئەوەی چۆن و تا چەند رێژە دەخورێت.

پسپۆرانی بواری خۆراك بۆ پێگە میسرییەكە دەڵێن، ماسیی توونەی لە قوتوونراو باش و سەلامەتە، بۆ ئەوەیش دەستەكانی تەندروستیی بواری خۆراك دووپات دەكەنەوە، توونەی لە قوتوونراو ئەگەر مێژووەكەی بەسەر نەچووبێت، سوودی هەیە و بێ زیانە، چونكە لە بنچینەدا جۆرە ماسییەكەی زۆرباش و تەندروستە. راستییەكەی ئەوە نییە كە گۆشتی توونە خواردنێكی خێرابێت، بەڵكو خۆراكێكە بە تەواوی رەگەزە خۆراكییانەوەیە.

دووپات دەكەنەوە كە ئەو جۆرە گۆشتەی ماسی بە پرۆتین دەوڵەمەندە، ترشەڵۆكی ئۆمیگا3 لەخۆ دەگرێ كە بۆ تەندروستیی دڵ زۆر سوودبەخشە، هەروەها سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ڤیتامینی "بی12" و ئاسن و پۆتاسیۆم. ترشەڵۆكی ئۆمیگا3یش نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە، هەروەها رۆڵی زۆریشی بۆ كەمكردنەوەی هەوكردن هەیە و لەگەڵیدا پارێزگاری لە تەندروستیی مێشكیش دەكات. هەموو ئەوانە بەوەمان دەگەیەنێت كە خۆراكێكی سەلامەت و سوودبەخشە.

لەبارەی زیانەكانیشی پسپۆرانی بواری خۆراك دووپات دەكەنەوە، كێشە لە جۆری گۆشتی توونە خۆی نییە، بەڵكو رەگەزی جیوەی تێدایە و ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، ئەوكات زیان دەگەیەنێت كە ئەو رەگەزە خۆراكییەی ناو توونە، بەهۆی پیسیی ناو دەریا دروست دەبێت، ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گورچیلە و مێشك دەبێت.

بۆیە دواتر رێنوێنی دەخەنەڕوو كە زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان و منداڵان، زێدەڕۆیی لە خواردنی ئەو خۆراكە نەكرێت، بۆ نموونە باشترە لە ناو یەك هەفتەدا یەك یان دووجار بخورێت نەك خواردنی رۆژانە، لەوكاتەدا زیانی لە سوودی زیاتر دەبێت، بێگومان بۆ كەسانی ئاساییش باشترە زێدەرۆِیی لە خواردنی گۆشتی ماسیی توونەی لە قوتوونراو نەكرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د