توێژینەوەیەكی زانستی ئاماژە بۆ كاریگەرییە مەترسیدارەكانی كەمخەوی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات و پێی وایە بێبەشبوون لە خەوی باش ئەگەر بۆ شەوێكیش بێت، شێوانێكی گەورەی سیستمی بەرگریی لەش دروست دەكات و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی نیشانەكانی وەك قەڵەوی و شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ.
توێژینەوەكە دووپاتی كردەوە كە لێكەوتەكانی بێبەشبوونی درێژخایەن لە خەوی باش، بریتییە لە گۆڕانی میزاج و لاوازیی تواناكانی مێشك و كێشەی تری تەندروستی وەك تووشبوون بە دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك، توێژەران هەوڵیان دا پێوەندیی كەمخەوی بە سیستمی بەرگری لەش و هەوكردنی درێژخایەن ئاشكرا بكەن، كە وا دەكات سیستمی بەرگری بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئەكتیڤ بمێنێت و شانە ئاساییەكانی لەش لەناو ببات و بشبێتە هۆی تووشبوون بە قەڵەوی و شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ.
توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە بەشدارانی قەڵەو خەویان خراپتر بووە و ئاستی هەوكردنی درێژخایەنیان زیاتر بووە، هەروەها دەركەوت كە تەنیا 24 سەعات لە خەوی باش، سروشتی خانەكانی بەرگری گۆڕیوە، بۆیە ئەنجامەكان ئاماژە دەكەن كە مانەوەی زۆر بە دیار شاشەكان و گۆڕانكارییە سەردەمییەكانی كۆمەڵایەتی كاری كردووەتە سەر سەعاتەكان و باشیی خەوتن، ئەوەش كار دەكاتە سەر سیستمی بەرگریی لەش.