وەرزی بەهارە و كەشیش وردە وردە بەرەو گەرما دەچێت، بۆیە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا بازاڕەكان پڕ دەبن لە توو بە هەموو جۆرەكانیەوە كە بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر بەسوودە، پسپۆرانی بواری خۆراك لەناو جۆرەكانی میوەی توو، ئاماژە بە تووی رەش دەكەن كە سوودەكانی بۆ تەندروستی لەوپەڕی باشیدایە.
بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی لەبارەی سوودەكانی تووی رەش بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە و ئاماژە دەدەن، وێڕای ئەوەی ئەو میوەیە بۆ تەدروستیی مرۆڤ زۆر سوودبەخشە، هاوكات لەڕووی نرخیشەوە هەرزانە و بە ئاسان دەست دەكەوێت، بەتایبەتی تووی رەش سوودی زۆری بۆ دووركەوتنەوە لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دڵ هەیە.
پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە كە تووی رەش بە دژەئۆكسید و ریشاڵ زۆر دەوڵەمەندە، نهێنیی رەنگە تاریكییەكەی، مادەی ئەنسۆسیانین دەبەخشێ و وا دەكات گرێی شێرپەنجەیی لە جەستە كەمتر بكاتەوە، هەروەها هەوكردنی درێژخایەن كەم دەكاتەوە و سوودی بۆ ماسولكەكانیش دەبێت، جیالەوەی پێست لە پیری "چرچ و لۆچی" دوور دەخاتەوە.
هاوكات دەڵێت كە تووی رەش هاوڕێیەكی رژدی ریخۆڵەكانە، چونكە ریشاڵی زۆر لەخۆ دەگرێت و ئەویش وا دەكات ئەركی هەرس ئاسانتر بكات و قەبزی نەهێڵێت، هەروەها هاوسەنگیی شەكر لە خوێندا دەپارێزێت، جیالەوەی هەستی تێربوون زیاتر دەكات و ئەویش سوودی بۆ دابەزاندنی كێش هەیە.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك باس لەوە دەكەن كە تووی رەش بۆ تەندروستیی مێشك زۆر بەسوودە، یادەوەری باشتر دەكات و لە نەخۆشیی زەهایمەر دوورتان دەخاتەوە. سەرنج باشتر دەكات و پارێزگاری لە دڵ و دەمارەكان دەكات، هەروەها چونكە بە ڤیتامین "كەی" و مەنگەنیز دەوڵەمەندە، ئەوەیش وا دەكات كۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێن نەهێڵێت و دەمارەكان لە تەسكی دوور دەكاتەوە، جیالەوەی سوودی بۆ هاوسەنگیی پاڵەپەستۆی خوێن و دواتریش لە جەڵتەی دڵ دوورتان دەخاتەوە.