دەرمانی ئێكسپایەر بخورێت چی دەبێت؟

:: PM:06:59:14/04/2026 ‌

رەنگە زۆر جار هەندێك دەرمان لە ماڵەوە بمێنێت و دوای ماوەیەك پێویست بە بەكارهێنانەوە بكات، یەكێك لە رێنوێنییە تەندروستییەكان چاودێریكردنی شوێنی هەڵگرتن و زانینی بەرواری بەسەرچوونی دەرمانە، جیا لە زانینی كات و چۆنیەتی وەرگرتنی و كاریگەرییە لابەلاكانی، دەرمانسازێك باسی كاریگەرییەكانی خواردنی دەرمانی ئێكسپایەر دەكات.

د. سیلیا ئیراییس دەرمانساز دەڵێت، كە باسی خواردنی دەرمانی ئێكسپایەر دەكرێت، بەوەی ئەو كەسە دەمرێت، زۆر زیادەڕۆیی تێدا كراوە و راست نییە، بابەتەكە ناگاتە ئەو ئاستە لە مەترسیداری وەك زۆرێك وا دەزانن، چونكە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی دەرمان لە چوارچێوەی بوارێكی فرەوان و سەلامەت وادەی بەسەرچوونی دەرمان دیاری دەكەن. 

روونی كردەوە، ئەو وادەی لەسەر دەرمانەكان هەیە بۆ بەسەرچوون، زۆر جار كورترە لە تەمەنی كردەنیی دەرمانەكە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی بەكارهێنەر تا ئەوپەڕی توانا، واتە لە دوای خواردنی دەرمانی بەسەرچوو، بۆ نموونە كەسێك بەدەست سەرئێشەوە دەناڵێنێت، تەنیا دەرمانێكی ئازارشكێنی ئێكسپایەری لەبەر دەستە، ئەگەر بیخوات، ئەگەری هەیە لە خراپترین حاڵەتەكان كاریگەریی دەرمانەكە كەم بكات. 

ئەو دەرمانسازە دەڵێت، یاساكانی رێكخراوی پیشەسازی دەرمان زۆر توندن، بۆ مسۆگەركردنی ئەوپەڕی سەلامەتی بۆ بەكارهێنەر دانراون، واتە كۆتاهاتنی وادەی بەسەرچوونی دەرمانەكان، راستەوخۆ نابنە مادەیەكی مەترسیدار، واتە لە رۆژی دوای كۆتاهاتنی وادەی بەسەرچوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێویستە پابەندی بە رێنوێنییە پزیشكییەكان بكرێت و سەركێشی نەكرێت، واتە دەبێت وریای زۆر بەسەرچوون یان هەڵگرتنی لە شوێنی نەگونجاو هەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل