زۆر خوو هەن مرۆڤ رۆژانە دەیانكات كە ئەگەری هەیە بۆ تەندروستیی گشتی بە زیان بشكێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی رۆژانە و بەیانیان پێویستە دەرمانێكی تایبەت بە نەخۆشییەكانیان بەكار بێنن. بۆ ئەوەیش نموونە بەو دەرمانانە دەهێنرێتەوە كە لە كاتی بەیانیان و خواردندا بەكار دەهێنرێن، ئەگەری زۆرە لە جۆری خۆراكەكاندا پێكهاتەی دەرمانەكان بگوڕێت و كاریگەرییەكانی بۆ جەستە نەمێنێت، واتە نەخۆشەكە سوودی لێ نەبینێت.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی
"شەرق ئەوسەت" هەواڵەكەی لە پێگەی "هێڵس" وەرگرتووە كە پزیشكانی دەرمانساز قسەیان بۆ كردووە، تێیدا باس لەو خووانە دەكەن كە كاریگەرییان لەسەر سوودی ئەو دەمانانە دەبێت كە نەخۆش پێویستە لە بەیانیاندا بەكاریان بێنێت، ئەگەری زۆرە ئەو جۆرە خۆراكەی لە بەیانیان دەخورێت و جۆری بەكارهێنانەكەی، سوودەكەی نەهێڵێت و خۆراكەكە هەڵیدەمژێت. بۆ ئەوەیش پزیشكان باس لەو خووانە دەكەن كە گرنگە نەخۆش رەچاویان بكات.
بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە كراون، بەوە گەیشتوون كە لە كاتی خواردنەوەی قاوە و لەگەڵیدا بەكارهێنانی دەرمان، كاریگەریی لەسەر جەستە دەبێت لە هەڵمژینی دەرمانەكە و دابەشبوونی، ئەو كافاینەی لەناو قاوەدا هەیە، كاریگەریی لەسەر نەخۆشییەكانی شەكرە و دژە خەمۆكییەكانی وەك "سیتالۆبرام" هەیە، هەروەها دەرمانەكانی میسۆتریكسات.
هاوكات پزیشكانی دەرمانساز دەڵێن ئەگەر ناچار بوون لە بەیانیاندا دەرمانەكانتان بەكار بێنن، باشترە لە دوای خواردنەوەی قاوە یان هەر خواردنێك بە سەعاتێك، ئەوجا دەرمانەكە بەكار بێنن، چونكە قاوەكە پێكهاتی دەرمانەكە هەڵدەمژێت.
زۆرن ئەوانەی خواردنی بەیانیان بۆ تەندروستی بە گرنگ دەزانن و رەچاوی ئەوە دەكەن، بەڵام بەپێی جۆری خواردنەكە، گرنگە بزانرێ كاریگەریی دەرمانەكە و ئاوێتەبوونی لەگەڵ خۆراكەكە تا چەند بە زیان دەشكێت، چونكە زۆر خۆراك هەن لەبری ئەوەی دەمان بە جەستە بگات، خۆراكەكە هەڵیدەمژێت و ئەوكاتیش كاریگەرییەكانی زۆر كەمتر دەبێت. بۆ ئەوەیش ئاماژە بە دەرمانی "نادۆلۆڵ" دەكرێ كە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ بەكار دەهێنرێت، ئەگەر لەگەڵ چای سەوزیشدا بخورێت كاریگەرییەی وەك خۆی دەمێنێ و سوود دەگەیەنێت. بەڵام هەندێك خواردنی دەوڵەمەند بە ئاسن و كالسیۆم ئەگەر لەگەڵ دەرمان بەكار بهێنرێن، كاریگەرییان كەمتر دەبێتەوە و سوودیان بۆ نەخۆش نابێت.
هەروەها باس لەو خۆراكە باوانە دەكرێ كە بە زۆری لە بەیانیاندا دەخورێن وەك شیر و ئاوی میوەی سروشتی، ئەوانەیش لەگەڵ دەرماندا كاریگەرییان دەبێ و بەئاسانی سوودی دەرمانەكان هەڵدەمژن، بۆ نموونە شیر كە كالسیۆم لەخۆ دەگرێت، كاریگەریی لەسەر دەمانی "سیرۆكسین" دەبێت و هەڵدەمژێت، هەروەها ئەو خۆراكانەی چەوریی زۆرتریان تێدایە، نابێ لەگەڵ دەرمان پێكەوە بەكار بهێنرێن. بەڵام هەندێك دەرمانی تریش هەن دەكرێ لەگەڵ خواردن بەكار بهێنرێن ئاساییە كە بۆ دژە هەوكردنن، وەك "ئەسپرین" و "ئیبۆپرۆڤین" و دەرمانەكانی شەكرە.
دواتریش پزیشكانی دەرمانساز، ئاماژە بە راهێنانی زۆری وەرزشی دەكەن كە كاریگەرییان لەسەر بەكارهێنانی دەرمان دەبێت، بۆ ئەوەیش ئاماژە بە راهێنانی جەستەیی دەكەن كە نابێ لە دوای ئەو راهێنانە، راستەوخۆ دەرمان بەكار بهێنرێت، بۆیە راهێنانی توند و قورس، كاریگەرییان هەیە لە هەڵمژینی دەرمانەكە دەبێت، بۆیە گرنگە ئەوەیش رەچاو بكرێت.